بەهمەن بەهرام نژاد جێگری تۆژینەوە و داهینانی زانکۆی کوردستان ڕایگەیاند: بە مەبەستی ڕێزلێنان لە کاریگەریی ژنان لە بواری جۆراوجۆری زانستی، کۆمەڵایەتی، کلتووری و تئولوژی و عیرفانیدا، بۆ یەکەمجار خەڵاتی مستورە بەڕێوە دەچیت.
جێگری سکرتێری خەڵاتی مەستوورە لە کۆبوونەوەی ڕۆژنامەوانیدا کە لە ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی ١٨ی خەرمانانی ئەمساڵ بە بەشداری میدیاکاران و چالاکانی بواری ژنان بەڕێوە چوو، وتی: ڕاستییەکەی تائێستا کۆڕێکی ڕێزلێنان بە تایبەتی بۆ ژنان لە بواری جۆراوجۆردا بەڕێوە نەچووە، بەڵام ئێستا ئێمە ئامادەین بە باشترین شێوە و لە ئاستێکی بەرزدا ڕێز لە ژنانی بەناوبانگ لە بواری جۆراوجۆردا بگرین.
ئەو بەرپرسەی زانکۆ ئاشکرای کرد کە زانکۆ لە ڕۆژگای ئەمڕۆدا تەنیا لە بواری فێرکردن و پەروەردەی زانستیدا کاریگەری خۆی ناگێڕێت، بەڵکو لە زۆربەی بواری کۆمەڵایەتی، کۆمەڵناسی و چارەسەری کەم و کوڕییەکانی ژیانی ئەمڕۆی خەڵکدا دەبێت ڕۆڵی کاریگەر بگێڕێت.
دکتۆر بەهرام نەژاد زیادی کرد: زانکۆی کوردستان لە چەند ساڵی ڕابردودا لە بواری کۆمەڵایەتی و کلتووریدا چالاکیی باشی هەبووە، وەک خەڵاتی مامۆستا هەژار و کۆنگرەی ناودارانی کورد.
سەبارەت به پێکهێنانی بیرۆکەی خەڵاتی "مەستووره" وتی: چەند کۆبوونەوەیەک بۆ داڕشتنی پەیڕەوی یاساکه و دیاریکردنی چوارچێوەی ئەم خه ڵاته بەڕێوه چوو و توانا و دیدگای ژنانی چالاک له بواره زانستی و کولتووری و ئەدەبی و کۆمەڵایەتییەکانی کوردستان کەڵک وەرگیرا.
لە بەردەوامی کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی توێژینگەی زانکۆی کوردستان وتی: خەڵاتی نێونەتەوەیی مستوورە لەپێناو داخوازییەکانی خەڵکدا بەڕێوە دەچێت.
یادگار کەریمی جەختی لەوە کردەوە کە ئەم خەڵاتە لە ئاستێکی زۆر بەرزدا تەدارک بینراوە و داوای لە میدیاکان کرد بە ڕێزەوە پاڵپشتیی ڕاگەیاندنیی ئەم ڕووداوە بکەن.