د. یاسین تەها لە میانەی وتووێژەکەدا تیشکی خستە سەر ناسنامەی ئاینیی ئەم گرووپە و ڕوونی کردەوە کە حوسییەکانی یەمەن لە ڕووی مەزهەبییەوە سەربە ئاراستەی "شیعەی زەیدی"ن. ناوهێنانی ئەم مەزهەبە دەگەڕێتەوە بۆ ئیمام زەیدی کوڕی عەلی کوڕی حوسێن، کە بە یەکێک لە قوتابخانە سەرەکییەکانی هزری شیعی دادەنرێت.
سەبارەت بە بڕوای سیاسی و ئاینیی ئەم گرووپە، د. یاسین ئاماژەی بەوە کرد کە حوسییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە حوکمڕانی و دەسەڵاتی سیاسی مافی ڕەها و تایبەتی «ئالوبەیت» و ساداتەکانی سەر بە بنەماڵەکەی خۆیانە. بەڵام جیاوازی سەرەکییان لەگەڵ شیعەکانی ئێران و عێراق (شیعەی دوازدە ئیمام) لەوەدایە کە حوسییەکان بڕوایان بەوە نییە دەسەڵات تەنیا لە دوازدە ئیمامی دیاریکراودا قەتیس و سنوردار بێت.
ئەم جیاوازییە فکرییە وا دەکات تێگەیشتن لە حوسییەکان وەک کۆپییەکی تەواوی شیعەی ئیرانی یان عێراقی تێگەیشتنێکی ناکامل بێت، بەڵکو ئەوان خاوەنی کەلەپوورێکی فیقهی و سیاسیی سەربەخۆیی خۆیانن لە یەمەن کە مێژووەکەی بۆ سەدان ساڵ بەرلە ئێستا دەگەڕێتەوە.
لەلایەکی دیکەوە، د. یاسین تەها روونکردنەوەی زیاتری دا دەربارەی پەیوەندییەکانی ئەم جووڵانەوەیە لەگەڵ میحوەرەکانی ناوچەکە. ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە حوسییەکان، پێش ئەوەی تێکەڵ بە "میحوەری بەرهەڵستکاری" (محور المقاومة) بە سەرکردایەتی ئێران ببن، خۆیان خاوەنی پڕۆژەیەکی سەربەخۆ و ناوخۆیی شیعەگەری بوون.
ئەم پڕۆژەیە وەک هێزێکی ڕکابەر و دژبەر بەرامبەر هەژموون و ڕژێمەکانی کەنداو سەریهەڵدا، بەتایبەت لە ڕووبەڕووبوونەوەی فراوانبوونی هزری وەهابی و سەلەفی لە ناوچەکەدا. بەپێی شیکارییەکانی ئەم شارەزایەی مێژووی بیروباوەڕە ئیسلامییەکان، هاوپەیمانێتی کۆنتری حوسییەکان لەگەڵ ئێراندا زیاتر لەسەر بنەمای بەژەوەندی هاوبەشی سیاسی و جیۆپۆلەتیکی دامەزراوە، نەک کورتبوونەوەیان لە ئەجێندایەکی دەرەکی بێ خاوەندارێتی مێژوویی.