سبەی شەممە لە پیرمام، کۆبوونەوەیەکی گرنگ لە نێوان شاندی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بەڕێوە دەچێت، بۆ تاوتوێکردنی دەرئەنجامی دانوستانەکانی دوایی لە بەغدا.بەپێی زانیارییەکان، لە کۆبوونەوەکەدا دەرئەنجامی سەردانەکەی ٩ی ئەیلوولی شاندی باڵای هەرێم بۆ بەغدا و هەنگاوەکانی داهاتووی دانوستانەکان گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت. لەو سەردانەدا شاندی هەرێم لەگەڵ وەزیرانی دارایی، پلاندانان و نەوتی عێراق کۆبووەوە و بابەتەکانی بودجەی ٢٠٢٧، شایستە دارایی و دەستوورییەکانی هەرێم، پشکی وەبەرهێنان بەپێی سەرژمێریی دانیشتووان، هەناردەی نەوت و پشکی هەرێم لە قەرز و بەخشینە نێودەوڵەتییەکان تاوتوێ کراون.