لە سەرەتای وتوێژەکەدا، یاسین تەها ئاماژەی بەوە کرد کە کاریگەریی بزووتنەوەی حوسییەکان تەنیا لە گەرووی «باب المندب»دا کۆنابێتەوە، بەڵکو هەوڵەکانیان بۆ فراوانکردنی ڕووبەری هەژموونیانە لە دەرەوەی سنورەکانی یەمەن.
ناووبراو بۆ روونکردنەوەی ئەم سەرنجەی ئاماژەی بە بەڵگەنامەییەکی کەناڵی BBC کرد کە تێیدا عەبدوڵڵا شامی، یەکێک لە سەرکردەکانی حوسییەکان لەسەر سنووری سعوودیە ڕایدەگەیەنێت: «سنوورە جوگرافییە نەریتییەکان لە چەمکی سەربازیی ئێمەدا ڕێگر نین و خاکی ناوچەکە بەڕووماندا واڵایە».
بە وتەی ئەو مامۆستایەی زانکۆ، حوسییەکان ڕوانینی تایبەتیان بۆ شاری مەککە و مەدینە هەیە، بەڵام دەسەڵاتدارانی سعوودیە لە هەوڵی ئەوەدان بە شێوازی هاوپەیمانی و کاری بەکۆمەڵ بەرەنگاری ئەم ئاڵۆزییانە ببەنەوە. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە گۆڕانکارییە سەربازییەکان لە گەرووی باب المندبدا دەکرێت کاربکاتە سەر ئاسایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی.
لە بەشێکی دیکەی وتوێژەکەدا، یاسین تەها ڕوونیکردەوە کە هاوئاهەنگییەکانی ئەم دواییەی حوسییەکان بەشێکە لە هەوڵە ناوچەییەکان بۆ هاوسەنگکردنی گوشارە سیاسی و ئابوورییەکانی سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. لەم چوارچێوەیەدا، هەوڵە سەربازییەکان و هێزە هاوپەیمانەکان لە عێراقدا چالاکتر بوون بۆ پاڵپشتیکردنی هەڵوێستەکانی حوسییەکان لە یەمەن.
ئەو شیکەرەوە سیاسییە پێی وابوو پاش گۆڕانکارییە سیاسییەکانی سووریا و ئاڵوگۆڕە مەیدانییەکانی باشووری لوبنان، لە ئێستادا عێراق و یەمەن وەک دوو ستوونی سەرەکی و هێڵی بەرگریی ستراتیژی لە نەخشەی هاوپەیمانییەکانی ئێراندا دەور دەبینن.