بەپێی بەدواداچوونە دیپلۆماسییەکانی "جام کوردی"، لە ئێستادا ئیسڕائیل بە تەواوی لە زەریای هیندی و دەریای سوور دابڕێنراوە.
سەرچاوە سیاسییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش ڕاوێژکاری باڵای پێشووی ڤلادیمێر پۆتن جەختیاکردووەتەوە کە ئەم گۆڕانکارییانە تەنها سەرەتای قۆناغێکی نوێن و ئێران و بزووتنەوەی ئەنسارۆڵڵای یەمەن (حوسییەکان) سوپڕایز و کارتی گوشاری زۆر مەترسیدارتریان لەبەردەستدایە.
هەروەک هەندێک لە سەرچاوەکانی هەواڵ لە سەرەتای تەقینەوەی ئەم جەنگەدا هۆشداریی لەسەر دابوو، ستراتیژیەتی ئێران و هاوپەیمانەکانی بریتی بوو لە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی سیستەمی "پترۆدۆلاری عەرەبی-ئەمریکی.
هەر بۆیە لە ئێستادا هەڵسەنگاندنە مەیدانییەکان دەریانخستووە کە ئەو پێشبینییە لە هەردوو گەرووی ستراتیژیی هورمز و باب ئەلمەندەب بووەتە واقعێکی بەرجەستە.
چونکە بە کۆنتڕۆڵکردنی کرداریی گەرووی باب ئەلمەندەب لەلایەن حوسییەکانەوە، بەندەری "ئیلات" کە شادەماری ئابووریی ئیسڕائیل بوو، بە تەواوی پەکیکەوتووە. ئەم بەندەرە گوزەرگای سەرەکیی زیاتر لە %٥٠ی نەوت، خۆراک و کەرەستە کیمیاییە هاوردەکراوەکانی ئیسڕائیل بوو. بەم هەنگاوە، پەیوەندیی دەریایی ئیسڕائیل لەگەڵ وڵاتانی هیندستان، ئوسترالیا، چین و ڕۆژهەڵاتی دوور ڕاگیراوە و ئەو ڕێککەوتنە ستراتیجییانەی لە نێوان هیندستان و ئیسڕائیل باسیان لێوە دەکرا، بە کرداری لەباربردران.
لە ئێستاشدا کاردانەوەکان لە ناوخۆی ئیسڕائیل زۆر خێرا و نیگەرانکەر بوون، لەم بارەیەوە ڕادیۆی سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاندووە: "کۆنتڕۆڵکردنی باب ئەلمەندەب تەنها مەترسی نییە بۆ سەر ئیسڕائیل، بەڵکو دەروازەیەکە بۆ ئەوروپا و گەورەترین مەترسییە بۆ سەر تەواوی کەرتی وزەی جیهان."
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، هەوڵێکی چڕ هەیە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانێتییەکی سەربازیی فرەنەتەوەیی لە نێوان ئەمریکا، ئەوروپا، ئیسڕائیل و هەندێک وڵاتی عەرەبی دژی حوسییەکان. بەڵام چاودێرانی سیاسی و سەربازی ئاماژە بەوە دەکەن کاتێک ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی نەیانتوانی هاوپەیمانێتییەکی بەهێز لە گەرووی هورمز پێکبهێنن، سەرکەوتنیان لە باب ئەلمەندەب دوورەدەست دەبێت. بەتایبەت کە تاران ڕاشکاوانە پەیامی داوە کە هەر وڵاتێک بێتە ناو ئەم هاوپەیمانێتییە، بەرژەوەندییە ئابووری و سەربازییەکانی بە ئاسانی دەبنە ئامانجی ڕاستەوخۆ.
لە لایەکی ترەوە، سەرکردایەتیی حوسییەکان تاکتیکێکی سیاسیی زۆر زیرەکانەیان گرتووەتە بەر. وتەبێژی حوسییەکان ڕایگەیاندووە: "تەنها ڕێگە بە کەشتییەکانی سعودیە و ئیسڕائیل نادەین تێپەڕ ببن و ئیسڕائیل دەبێت تەنها بە دووربین سەیری گەرووەکە بکات"، لە کاتێکدا ڕێگە بە کەشتییەکانی تر دەدەن. بەپێی شیکارییەکانی جام کوردی، ئەم تاکتیکە ڕاستەوخۆ بۆ ڕێگریکردنە لە شێوەگرتنی هاوپەیمانێتییە نێودەوڵەتییەکە دژیان.
پرسیارە جدییەکە لێرەدا ئەوەیە: بۆچی هێزە گەورەکانی وەک چین، ڕووسیا و تەنانەت میسریش لە بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی ئەم ڕێڕەوە بازرگانییە گرنگەی جیهان بێدەنگییان هەڵبژاردووە؟
وەڵامی بەدواداچوونەکان ڕوونە؛ هۆکارەکەی بۆ گۆڕانی هاوکێشەی هێز دەگەڕێتەوە. ئەمڕۆ حوسییەکان لە یەمەن لە ئاستی ڕێکخراوێک تێپەڕیون و وەک پێگەیەکی سەربازیی سەربەخۆ لە هاوکێشە جیهانییەکاندا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
لە هەمان کاتدا، ئاڵۆزییە دیپلۆماسییەکان گەیشتوونەتە لووتکە؛ جەزائیر کە هاوپەیمانی نزیکی ڕوسیایە، پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیماڕات پچڕاندووە. لە پشتپەردەی سیاسەتی نێودەوڵەتیشەوە، زانیارییە تایبەتەکانی جام کوردی ئاماژە بەوە دەکەن کە بەشێک لە بڕیار بەدەستانی ڕووسیا لەو بڕوایەدان هاوکێشە سیاسییەکانی ناوچەکە بەجۆرێک گۆڕاون کە چیتر پێویست ناکات وڵاتانی وەک ئیماڕات و کوێت بە فۆڕم و هەژموونی ئێستایان بمێننەوە.