ئازاد تەها ڕەحیم ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوە نهێنییەکانی عوماندا، بڕیار لەسەر داڕشتنەوەی ئایندەی ناوچەکە دراوە. لەو دانیشتنانەدا نوێنەرانی چەندین عەشیرەتی یەمەنی و ناوچە سنوورییەکانی سعودیە کۆبونەتەوە و گەیشتوونەتە پەیمانێکی سیاسی.
ناوبراو جەختی لەوە کردەوە کە ئێران لەو نێوەندەدا وەک زلهێزێک ڕەفتاری کردووە کە توانیویەتی میحوەرێک لە ژێر فشاری سەختی ئاسمانی ئەمریکا و دۆلاری وڵاتانی خەلیجدا بونیاد بنێت، نەک وەک هێزێکی فەتحکەر.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە باسی لەوە کرد کە سەردەمی دەسەڵاتی بنەماڵەی ئالسعود بەرەو کۆتایی دەچێت، چونکە ئەو هۆزانەی پێشتر وەک دیکۆر لە دیدگای ۲۰۳۰ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا، ئێستا پێشنیازێکی جیاوازیان خراوەتە بەردەست کە بریتییە لە پشکداری لە زەوی، نەوت و بەشداری لە دەوڵەتی داهاتوودا. بۆ ئەم مەبەستەش بودجەیەکی گەورە کە زیاتر لە ٨٠ ملیار دۆلاری فیزیکییە تەرخانکراوە بۆ جێبەجێکردنی ئەم نەخشە نوێیە.
بەپێی وتەی ئازاد تەها ڕەحیم، هاوپەیمانیی نێوان هێزە یەمەنییەکان، ستراتیژی ئێران و هۆزە عەرەبییەکانی ناوچەکە، ئامانجیان دامەزراندنی "کۆماری فیدراڵی"یە لە نیمچەدوورگەکەدا کە ناوچەکانی حیجاز، باشوور، ڕۆژهەڵات و پشتێنە خێڵەکییەکان دەگرێتەوە. هەروەها جەختی کردەوە کە کێڵگە نەوتییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوچەکە و دەوروبەری کوێت و بەحرەین، وەک میراتی هاوبەشی گەلانی ناوچەکە دەمێننەوە نەک موڵکی تایبەتی کۆشکەکان.
لە بەشێکی دیکەی گفتوگۆکەدا لەگەڵ جام کوردی، ئازاد تەها ڕەحیم وتی" بزوتنەوەی ئەنساروڵڵا (حوسییەکان) هێزێکی سەرەکیی ئەم گۆڕانکارییانەن. ئەوان توانیویانە کۆنتڕۆڵی باکوور بکەن و لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەکەوە باڵادەستیی خۆیان بسەلمێنن، بە جۆرێک ئێستا باب ئەلمەندەب و دەریای سوور وەک چەکێکی سیاسی بەکاردێنن.
سەبارەت بە ئاڕاستەی ململانێ سەربازییەکانی داهاتوو، ناوبراو دەستنیشانی کرد کە ستراتیژەکە بریتییە لە کۆنتڕۆڵکردنی عەدەن و دەوروبەری لەلایەن حوسییەکانەوە، و پاشان پێشڕەویکردن بەرەو باکوور و باشووری سعودیە. ئەم جوڵەیەش وەک ڕاستکردنەوەی سنوورە مێژووییەکان پێناسە کرد.
لە کۆتاییدا ئاماژەی بەوە دا کە ئەنساروڵڵا بۆ یەمەن شەڕ دەکات و ئێران لە پێناو نەزمێکی نوێی ناوچەییدا تێدەکۆشێت تا ڕێگە لە دەستوەردانی سەرلەنوێی ڕۆژئاوا بگرێت.