دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی حکوومەت بە نرخی ٧٥٠ دینار لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان بەردەوامە و ڕۆژانە نزیکەی ٣ ملیۆن لیتر بەنزین لە ڕێگەی نزیکەی ٩٠ بەنزینخانەوە دابەش دەکرێت.سەلام عومەر، گوتەبێژی نەوت و کانزاکانی سلێمانی، گوتی لە سلێمانی دابەشکردنی بەنزین بە شێوازی تاک و جووت دەبێت؛ واتە ڕۆژێک بۆ ئۆتۆمبێلەکانی تابلۆی تاک و ڕۆژی دواتر بۆ تابلۆی جووت. لە سلێمانی ڕۆژانە ٤٠٠ هەزار لیتر لە ١٦ بەنزینخانە دابەش دەکرێت.لە هەولێر ڕۆژانە زیاتر لە ١.٢ ملیۆن لیتر لە ٤٠ بەنزینخانە دابەش دەکرێت و هەر ئۆتۆمبێلێک ٤٠ لیتر وەردەگرێت. لە دهۆک و زاخۆش ٧٥٦ هەزار لیتر لە ٢١ بەنزینخانە دابین دەکرێت. لە سۆران و ڕاپەڕین بە ڕێژەی هەفتانە ٤٠ لیتر بۆ هەر ئۆتۆمبێلێک دابەش دەکرێت، هەروەها لە هەڵەبجە ڕۆژانە ٥٠ هەزار لیتر و لە گەرمیانیش ٥٠ هەزار لیتر بەنزین دابەش دەکرێت.بەپێی زانیارییەکان، شێوازی دابەشکردن و بڕی بەنزین بەپێی پێداویستیی ناوچەکان جیاوازە؛ لە دهۆک ئۆتۆمبێلی تایبەت هەر چوار ڕۆژ جارێک ٤٠ لیتر و تەکسی و پاس هەر دوو ڕۆژ جارێک ٤٠ لیتر وەردەگرن، لە گەرمیانیش ئۆتۆمبێلی تایبەت هەفتانە ٤٠ لیتر و تەکسی و پاس هەر چوار ڕۆژ جارێک ٤٠ لیتر وەردەگرن.