لەتیف نیروەیی ئاماژەی بەوە کرد کە ئەم سەردانە لەسەر داوای فەرمیی کۆماری ئیسلامیی ئێران و لە کاتێکی زۆر هەستیاردا ئەنجامدرا، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ناوچەکە ڕووبەڕووی گرژیی ئەمنی، سیاسی و ئابووری بۆتەوە. ناووبراو ڕوونیشی کردەوە کە پێشوازییە ئاستبەرزەکەی تاران نیشانەی فەرمیبوون و گرنگیی تایبەتی سەردانەکەیە.
لێپرسراوی بۆردی راگەیاندنی یەکێتی گرنگترین تەوەر و خاڵە هاوبەشەکانی کۆبوونەوەکانی لە چەند تەوەرێکدا کورتکردەوە:
دیالۆگ و ئاشتی بەدیلی جەنگ: لە هەموو کۆبوونەوەکاندا جەخت لەوە کرایەوە کە کێشەکان پێویستە لە ڕێگەی دانوستان و دیالۆگەوە چارەسەر ببن. ئەمە پەیامی نەگۆڕی یەکێتی بووە، چ لە ناوخۆی هەرێم، چ لە سەردانەکانی بەغدا و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی سەرۆک بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران و ئەمریکادا، چونکە جەنگ و ئاڵوگۆڕە سەربازییەکان تەنها ماڵوێرانی و زیانیان بۆ هەموو لایەک لێدەکەوێتەوە.
پێزانینی ئێران بۆ ڕۆڵی یەکێتی: بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەستخۆشییان لە سەرۆک بافڵ تاڵەبانی کردووه بۆ ئەو ڕۆڵە ئەرێنییەی کە دەینوێنێت لە هێورکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی ئاڵۆزییەکان.
سەقامگیریی ناوچە سنوورییەکان و ئابووری: بەهۆی بوونی سنوورێکی فراوان لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێراندا، ئارامیی ناوچە سنوورییەکان لە بەرژەوەندیی هەردوولادایە. ئەمەش بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ خزمەت بە پەیوەندییە ئابووری، بازرگانی و گەشتوگوزارییەکان دەکات و دەبێتە هۆی ڕەواندنەوەی تەواوەتیی گرژییەکان.
فراوانکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان: هاوتا لەگەڵ پەیامی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ئامانجی سەرەکی لەم دیالۆگانە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و هەرێمی کوردستانە لەسەر بنەمای چەسپاندنی ئاشتی.
لە کۆتاییدا لەتیف نیروەیی جەختی کردەوە کە دیدگای یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ڕوونە؛ ناسەقامگیری لە هەر وڵاتێکی ناوچەکەدا کارگەریی خراپی لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەبێت. لەبەر ئەوە، سیاسەتی یەکێتی دوورخستنەوەی مەترسییەکانی جەنگ و ململانێ ئابوورییەکانە لە سەر هەرێم، هەروەها خستنەگەڕی تەواوی هەوڵەکانە بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە تەواوی ناوچەکەدا.