بەپێی ڕاپۆرتێکی شیکاریی «عێراق ئەلموستەقبەل» و نوێترین ئامارەکانی بانکی ناوەندیی عێراق، یەدەگی بیانیی بانکەکە تا ١٠ی ئەیلوول گەیشتووەتە ١٠٠ تریلیۆن و ٨٠٠ ملیار دینار، کە نزیکەی ٧٧ ملیار دۆلارە و بەراورد بە لوتکەی یەدەگەکە لە حوزەیرانی ٢٠٢٤، بە ڕێژەی ٣٠.٣٪ کەمترە.بەپێی هەمان ڕاپۆرت، وەبەرهێنانە بیانییەکانی بانکی ناوەندی ٤٥.٩٪ کەمبوونەتەوە، لەگەڵ ئەوەی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ لە ماوەیەکدا بەشێکی ئەم دابەزینەی قەرەبوو کردووەتەوە، بەڵام لە ئەیلوولدا کاریگەریی پێچەوانەی هەبووە. لە بەرامبەردا، قەرز و خواستەکانی بانکی ناوەندی لەسەر حکومەت زیاتر لە ١٤٧٪ زیاد بووە.لە لایەکی دیکەوە، بانکی ناوەندیی عێراق ڕایگەیاندووە یەدەگی دراوی بیانی بە بڕی پێویست بەردەستە بۆ دابینکردنی داواکارییەکانی دراوی بیانی، لەوانە ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەرەکی، مامەڵەکانی کارتە بانکییەکان و داواکاریی گەشتیاران بۆ دۆلاری کاش بە نرخی فەرمی. بانکەکە هەروەها گوتوویەتی گۆڕانی نرخی ئاڵوگۆڕ لە بازاڕی ناوخۆدا پەیوەندی بە شڵەژانی بازاڕ و پێشبینییەکان و هەندێک کاریگەریی سیاسیی ناوچەکەوە هەیە.