دوای بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی، ناڕەزایییەکان لە حەسەکە و قامیشلۆ بەردەوامن؛ دانیشتووان و چالاکوانان دەڵێن بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر کارکردنی موەلیدەکان و تێچووی ژیان داناوە.بەپێی زانیارییەکان، لە حەسەکە خۆپیشاندەران بۆ دووەم ڕۆژ لە گۆڕەپانی ئاشتی مانگرتوون و هەندێک ڕێگای سەرەکیی دەوروبەری گۆڕەپانەکەیان داخستووە. ئەوان داوای دابینکردنی گازوایل بۆ موەلیدەکان و هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی دەکەن.لە قامیشلۆش چالاکوانان بانگەوازی خۆپیشاندانێکی بەرفراوانیان بۆ ئێوارەی دووشەممە لە بازاڕی سەرەکیی شارەکە کردووە. بەشداربووان داوا دەکەن بۆ کەمکردنەوەی بارگرانیی ژیان و پێداچوونەوە بە بڕیارەکانی سووتەمەنی هەنگاو بنرێت.