جام کوردی - سەرسوڕهێنەری ئەنساروڵڵای یەمەن لە کۆنترۆڵکردنی رێگای کەناراوەکان و دەستبەسەرداگرتنی شارە گرینگەکانی مۆخا و تەعز، هەروەها جێگیربوون لە دوورگەکانی دەمەو دەروازەی بابولمەندەب و لێکەوتەکانی ئەم سەرکەوتنە و شکستی شەرمهێنەری عەرەبستانی سعوودی، هێشتا لە ناوەندە جیاوازەکانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا بابەتی گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەیە.

لەپاڵ ئەمەدا، ئەنساروڵڵا لە لایەکەوە هەوڵ دەدات بە هاندانی هۆزەکانی پارێزگای نەوت‌خێزی مارب، ئەم ناوچەیەش بخاتە ژێر هەژموونی خۆی و لە لایەکی دیکەشەوە بە بەردەوامبوونی ئۆپەراسیۆنەکان لە پارێزگای لەحج و کۆنترۆڵکردنی زنجیرە چیا ستراتیژییەکانی ئەلئەغبەرە، بەرەو عەدەن پێشڕەوی بکات. ئەم دەستکەوتانە نیشان دەدەن کە ئەنساروڵڵا بۆ یەکەم جار توانای یەکخستنی باکوور و باشوور و گەڕاندنەوەی یەکپارچەیی بۆ یەمەنی هەیە، بەتایبەت کە هیچ هێزێکی دوژمنکار نییە کە بتوانێت رێگری لەم پێشڕەوییە بکات. لە بەرامبەردا، عەرەبستانی سعوودی لە دوو ئاڕاستەدا هەنگاو دەنێت: یەکەم، بەردەوامبوونی بۆردومانی ئاسمانیی رێگای کەناراوی رۆژئاوا و وێرانکردنی پردەکان و ژێرخانە شارستانییەکان، و دووەم، پەنابردنە بەر ئەمریکا و ئەم دواییانەش بۆ میسر بە مەبەستی وەرگرتنی هاوکاریی سەربازی و هەڵوێستی سیاسی لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا دژ بە یەمەن.

روونە کە هێرشە ئاسمانییەکان بە تەنیا و بەبێ هێزی زەمینی، هیچ ئەنجامێکی نابێت و سەرکەوتن ناهێنێت. هیچ وڵاتێکیش ئامادە نییە سەربازانی خۆی بۆ چوونە ناو سەرکێشییەکی نائەقڵانی و بێهوودە بە کوشتن بدات. هێزە بەکرێگیراوەکانی سەر بە سعوودی و ئیماراتیش داڕووخاون و بوونی دەرەکییان نەماوە. ئەو نهێنییەی سەبارەت بە هۆکاری شکستی ئەم هێزانە لە رێگای کەناراوەکان ئاشکرا بووە، ئەوەیە کە ٨٠ لە سەدی ئەم هێزانە هەر لە مەیدانەکەدا ئامادە نەبوون و ساڵانێکە لە ماڵەوە دانیشتوون و مووچەیان لە عەرەبستان وەردەگرت. تەنیا ٢٠ لە سەدی ئەم هێزانە لە رێگای کەناراوەکان ئامادە بوون کە ئەوانیش بەهۆی ماندوێتی و نەبوونی ورە، بەرگەی بەرگرییان نەگرت، بەشێکیان هەڵاتن و بەشێکیشیان دیل یاخود خۆیان رادەستی هێزەکانی سەنعا کرد.

ئەمریکا ناتوانێت هیچ هاوکارییەک بە عەرەبستان بدات، چونکە ئەم وڵاتە کە خۆی لە شەڕ لەگەڵ ئێران لە تەنگەی هورموزدا گیرۆدە بووە، لە هەمان کاتدا توانای ئۆپەراسیۆنی و لۆجیستیکی لە تەنگەی بابولمەندەب نییە، بەتایبەت کە ئەمریکا لە بۆردومانەکانی ساڵی ٢٠٢٤ەوە ئەم وانەیەی فێر بووە کە بۆردومان بەبێ ئامادەبوونی هێزی زەمینی بێهوودەیە و هێنانی هێزی زەمینی، چ لە تەنگەی هورموز و چ لە بابولمەندەب مەترسیی زۆری لێ دەکەوێتەوە. ئەمریکا لەو ساڵەوە لێکگەیشتنێکی نەنووسراوی لەگەڵ ئەنساروڵڵا هەیە کە یەمەن بۆردومان ناکات تا لە بەرامبەردا، یەمەنییەکان هێرش نەکەنە سەر کەشتییەکانی ئەمریکا لە دەریای سووردا. ئەندامانی پەیمانی مەککەش نیشانیان داوە کە بێجگە لە ئیدانەکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی یەمەن، ئامادەی دەستێوەردانی سەربازی نین. میسریش کە بە چاوەڕوانیی پارەی عەرەبستان، پێشوازییەکی شکۆمەندانەی لە محەمەد بن سەلمان لە قاهیرە کرد، ئەزموونێکی سەرکەوتووی دەستێوەردانی سەربازی لە یەمەن نییە و رەنگە تەنیا بتوانێت بۆ رزگارکردنی بن سەلمان لەم بنبەستە ستراتیژییە، دەست بە هەوڵی نێوەندگیری بکات، کە ئەوەش پێویستی بە داننان بە شکستی سەربازیی عەرەبستان لە ململانێ لەگەڵ یەمەن و دەستهەڵگرتن لە دەستکەوتە بێ‌ئەنجامەکانی ١١ ساڵ دەستدرێژیی سەربازی بۆ سەر ئەم وڵاتە دەبێت.

ئایا بن سەلمان دەتوانێت بڕیارێکی لەو شێوەیە بدات و دەست لە یەمەن هەڵگرێت؟ راستییەکەی ئەوەیە کە بڕیاری عەرەبستان کاریگەرە بەو سیستمەی کە پێگەی خۆی تێدا پێناسە کردووە: سیستمێک پێکهاتوو لە ئەمریکا، ئەوروپا، رژێمی زایۆنی و هەندێک لە هاوپەیمانانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە تەنانەت لەو دۆخەشدا کە سەلمێنراوە ئەمریکا ناتوانێت ئاسایشی سعوودی و دیکەی عەرەبەکانی کەناری باشووری کەنداوی فارس دابین بکات، چارەنووسی ئەوان ئەوەندە بە ئەمریکاوە گرێ دراوە کە خەیاڵی دابڕان لە ئەمریکا بۆیان زیاتر لە خەونێکی ترسناک نزیکە تا قبووڵکردنی راستییەکی سەلمێنراو.

لەو گریمانەیەشدا کە عەرەبستانی سعوودی قبووڵی بکات کۆتایی بە گەمارۆی یەمەن بهێنێت و زەرەری ١١ ساڵ دەستدرێژیی بێهۆکار بۆ سەر یەمەن قەرەبوو بکاتەوە، لەوانەیە یەمەنیش هێرشە مووشەکی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی بۆ سەر عەرەبستان راگرێت، بەڵام ئەمە بە مانای پاشەکشە لە پێشکەوتنە سەربازییەکان و ئامادەبوونیان لە بابولمەندەب نییە، چونکە بڕیارەکانی یەمەنیش بە لای خۆیەوە کاریگەرە بە سیستەمی بەرگریی ناوچەیی کە پێگەی جیۆپۆلیتیکی تێیدا پێناسە کراوە. ئەوەی دۆخەکەی بۆ عەرەبستان خراپتر کردووە، ئەو هێرشەیە کە کراوەتە سەر بۆریی نەوت لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا تا بەندەری یەنبوو کە بووەتە هۆی پچڕانی تەواوی هەناردەکردنی نەوتی عەرەبستان. روونە کە ئەم رووداوە چ کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر ئابووریی جیهانی دەبێت. ئەوان "حەشدی شەعبی"ی عێراقی تۆمەتبار دەکەن بە ئەنجامدانی ئەم هێرشە. تەنانەت ئەگەر ئەم تۆمەتەش راست بێت، دەبێت لەبیرمان بێت کە نزیکەی سێ مانگ لەمەوبەر عەرەبستانی سعوودی لە کردەوەیەکی بێهۆکاردا کە هیچ پەیوەندییەکی بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی ئەم وڵاتەوە نەبوو، ناوەندەکانی حەشدی شەعبی عێراقی بۆردومان کرد و نزیکەی ٥٠ کەسی شەهید کرد. لە هەمان کاتدا، حەشدی شەعبی رایگەیاند کە وەڵامی ئەم دەستدرێژییە دەداتەوە. دەرەنجام ئەوەی کە عەرەبستانی سعوودی کەوتووەتە بنبەستێکی ستراتیژیی توندەوە و دەرچوون لەم بنبەستە بە رێگاکانی کۆنی پێشوو ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە واقع‌بینی و بڕیاردانی ژیرانە و ئازایانە هەیە.