جام کوردی - شەڕ لەگەڵ ئێران نرخی سووتەمەنی لە سەرانسەری جیهاندا بەرز کردووەتەوە و لە گۆشە و کەنارەکانی دنیا، خۆپیشاندەرانی تووڕەی بۆ سەر شەقامەکان ڕاکێشاوە و ئابووریی ئەو وڵاتانەی خستووەتە ژێر گوشارەوە کە هیچ پەیوەندییەکیان بەم جەنگەوە نییە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی «ئاکسیۆس»، گرنگیی ئەم بابەتە لەوەدایە کە بەرزبوونەوەی نرخ، تەنیا بە ئەمەریکا سنووردار نییە. جەنگ لە سەرانسەری جیهاندا کێشەی دروست کردووە؛ کێشانێک کە لە هەندێک حاڵەتدا زۆر توندترن لەوەی ئەمەریکییەکان ئەزموونی دەکەن.
بەرزبوونەوەی نرخەکان گوشاری زیاتر دەخاتە سەر بەکاربەران و دۆخی دارایی ئەو حکوومەتانە خراپتر دەکات کە هەوڵ دەدەن ئەم شۆکە کۆنترۆڵ بکەن؛ بەتایبەت وڵاتە هەژارتر و تازەپێگەیشتووەکان کە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی وەها دۆخێک، بۆشایی دارایی سنووردارنیان هەیە.
ئەم قەیرانە کاریگەریی لەسەر وڵاتانی زۆر داناوە کە هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی گازی سروشتی، ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی نرخی گازۆیل و جۆرەکانی تری سووتەمەنیش بوونەتەوە.
لەو نەخشەیەی کە لەسەر بنەمای داتاکانی بانکی جیهانی ئامادە کراوە، رەوتی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی لە سەرانسەری جیهاندا وێنا کراوە. بێگومان، ڕێژەی بەرزبوونەوەی نرخەکان لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکی تر جیاوازییەکی زۆری هەیە.
ژمارەیەک لەو وڵاتانەی وابەستەییەکی زۆریان بە هاوردەکردنی سووتەمەنییەوە هەیە، لەوانەش پاکستان و میانمار، ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی توندی نرخەکان بوونەتەوە. بەڵام ئەمەریکا وەک گەورەترین بەرهەمهێنی نەوت و بەنزینی جیهان، ئەویش شایەتی بەرزبوونەوەی بەرچاوی نرخەکان بووە.
نرخی نەوتی خاو، کە گرنگترین مادەیە لە دیاریکردنی تێچووی بەنزیندا، لە بازاڕە جیهانییەکاندا دیاری دەکرێت. حکوومەتی فیدراڵی ئەمەریکا، پێچەوانەی هەندێک وڵاتی تر، هیچ سەقفی نرخ یان سوبسیدێکی بۆ نرخی فرۆشتنی سووتەمەنی دیاری نەکردووە.
هێرشە درۆنییەکانی ئۆکرانیا بۆ سەر پاڵاوگەکانی ڕووسیا، بەشدار بوون لە بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنیی ئۆتۆمبێل، بەتایبەت گازۆیل.
بەگشتی، وێنە گەورەکەکە ئەوە نیشان دەدات کە لە دۆخێکدا کە هیچ ئاسۆیەکی چارەسەرکردنی ململانێکان نابینرێت، زۆربەی حکوومەتەکان ڕووبەڕووی بژاردەی دژوار بوونەتەوە؛ یان بە پێشکەشکردنی پشتیوانی بۆ بەکاربەرانی سووتەمەنی، گوشاری زیاتر بخەنە سەر بوودجەکانیان، یان ڕووبەڕووی لێکەوتە سیاسییەکانی بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی ببنەوە.
راپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزە نیشان دەدات کە دەیان وڵات هەنگاویان بۆ دیاریکردنی سەقفی نرخ، پێدانی سوبسید یان کەمکردنەوەی باج لەسەر جۆرە جیاوازەکانی سووتەمەنی گرتووەتە بەر. حکوومەتەکان هەروەها بۆ کەمکردنەوەی داخوازی، هەنگاوی وەک زیادکردنی کاری مەودادوو (دورکاری) و سنووردارکردنی گەشتە حکوومەتییەکانیان گرتووەتە بەر.
سندوقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) نیگەرانیی خۆی بەرامبەر بە لێکەوتە داراییەکانی پشتیوانیکردن لە نرخی سووتەمەنی دەربڕیوە، بەتایبەت ئەگەر ئەو پشتیوانییانە لە ماوەی شۆکی وزە زیاتر درێژەیان هەبێت.
بەرپرسە باڵاکانی ئەم دامەزراوە نێودەوڵەتییە لە یاداشتێکدا لە هاویندا نووسییان: بەشێکی بەرچاوی ئەو هەنگاوانەی کە بە کاتی وەسف کراون، مێژوویەکی دیاریکراویان بۆ کۆتاییهاتن بە جێبەجێکردن یان خەمڵاندنێک بۆ تێچووی دارایی نییە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە بە وتەی «جۆزێف وێبستەر»، لێکۆڵەری بواری وزە لە ناوەندی توێژینەوەی ئەنجومەنی ئاتلانتیک، «زۆربەی ناوچەکان نەیانتوانیوە داخوازی کەم بکەنەوە و لە جیاتی ئەوە، بە شێوەیەکی دەستکرد نرخەکانیان کۆنترۆڵ کردووە.»
ناوبراو لە یاداشتێکدا بە ئیمەیڵ زیادیکرد: ئەم رێبازە هەڵە و چەوتە؛ کەمکردنەوەی قۆناغ بە قۆناغ و بەڕێوەبردراوی داخوازی لە رووی سیاسییەوە تێچووی زۆر کەمترە لە سەهمییەکردنی (rationing) لەناکاو، توند و ئاڵۆز. وڵاتان دەبێت رەوتی هەڵگرتنی سوبسیدەکان بە شێوەیەکی قۆناغی ئەنجام بدەن، چونکە بەرزبوونەوەی لەناکاوی نرخەکان دەکرێت ببێتە هۆی نائارامیی مەدەنی.
لێکۆڵەرانی دامەزراوەی کارنگی بۆ ئاشتیی نێودەوڵەتی لە کۆتایی مانگی ئابدا نووسییان کە «بەرزبوونەوەی تێچووی سووتەمەنی لە کینیا، کێشە هەبووەکانی ئەم وڵاتەی لە بواری هەڵاوسان، قەرزی نیشتمانی و بێکاریی گەنجان پەرە پێ داوە.»
بە نووسینی ئاکسیۆس، کینیا هەروەها لەو وڵاتانە دادەنرێت کە لە ئەنجامی جەنگدا، ڕووبەڕووی بەرزبوونەوەی توندی تێچووی پەینی کیمیایی بووەتەوە. ئەم وڵاتە کە وابەستەییەکی زۆری بە هاوردەکردنی سووتەمەنی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە هەیە، لە مانگی ئایاردا شایەتی خۆپیشاندانی بەرفراوان بوو و کێشەکانی تایبەت نین بە کینیا.
لێکۆڵەرانی دامەزراوەی کارنگی بە ئاماژەدان بەوەی کە «دۆزی کینیا هۆشدارییەکە بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە کە لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگ بۆیان تەشەنەی کردووە»، جەخت لەسەر پێویستیی گرتنەبەری رێوشوێنی زیاتر بۆ زیادکردنی «بەرگەیی» دەکەنەوە؛ ئەو هەنگاوانەی کە لاوازیی وڵاتان بەرامبەر بە شۆکە دەرەکییەکان کەم دەکاتەوە.