جام کوردی - رۆژنامەی «نیویۆرک تایمز» لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی: پێگەی ئەمەریکا وەک پایەی جێگیریی ئابووریی جیهان کەوتووەتە لەرزین. لەکاتێکدا حکوومەتی دۆناڵد ترەمپ قەبارەی قەرزی نیشتمانیی وڵاتەکە زیاد دەکات و سوورە لەسەر سیاسەتی گەمارۆکان، پێگەی واشنتۆن لە ئابووریی جیهانیدا زیاتر لە هەر کاتێکی تر متزلزل دەردەکەوێت.
بەپێی راپۆرتەکە، وەبەرهێنەرانی جیهانی خەریکن لە کڕینی قەواڵەی قەرزی ئەمەریکا دەکشێنەوە؛ قسەوباسەکان لەسەر لاوازبوونی دەسەڵاتی دۆلار لە جاران بەهێزتر بیستراون و بەم دواییانەش دەوڵەتانی بیانی خەریکی دەرهێنانی یەدەگی زێڕی خۆیان لە خەزێنەکانی ئەمەریکان.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی دوو ساڵ بەسەر دەستپێکی خولی دووەمی سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترەمپدا، ئابووریی جیهان زیاتر لە هەر کاتێک بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ دوورکەوتنەوە لە ئەمەریکا. نیگەرانییەکان لەسەر قەرزە ٤٠ تریلیۆن دۆلارییەکەی ئەمەریکا، بەکارهێنانی توندوتیژانەی گەمارۆکان بۆ چارەسەری کێشە سیاسییە دەرەکییەکان و ئارەزووی کەسیی ترەمپ بۆ بەزاندنی سنوورەکانی سەروەریی یاسا، پرسیاری ئەوەیان ورووژاندووە کە ئایا ئەمەریکا هێشتا پەناگەیەکی ئەمنە بۆ وەبەرهێنانی جیهانی یان نا؟
سەرەڕای بەڵێنی کۆمپانیا و وڵاتە بیانییەکان بۆ وەبەرهێنان لە ئەمەریکا کە زۆربەیان بە ئامانجی «خۆشخزمەتکردن» بۆ کۆشکی سپی بووە، سەرمایەکان بەهێواشی خەریکی دۆزینەوەی ئامانجگەلی جێگرەوەن.
«ئیسوار پراساد»، سەرۆکی پێشووی بەشی چین لە سندوقی نێودەوڵەتیی دراو (IMF) دەڵێت: «فاکتەرە جیۆپۆلیتیکییەکان و بەکارهێنانی ئامێرییانەی دۆلار لەلایەن ئەمەریکاوە لە رێگەی گەمارۆ داراییەکانەوە، بانکە ناوەندییەکان و دیکەی وەبەرهێنەرانی فەرمیی بەرەو هەمەجۆرکردن و کەمکردنەوەی وابەستەیی بە داراییە دۆلارییەکان پاڵ پێوە ناوە.»
سەرەڕای ئەوەش، بەپێی بۆچوونی نیویۆرک تایمز، ئەمەریکا هێشتا نەبووەتە وڵاتێکی دەرکراو لە گۆڕەپانی وەبەرهێناندا و وەبەرهێنەرانی تایبەت هێشتا بەردەوامن لە هێنانی پارە بۆ بازاڕە دارایی و پشکەکانی ئەمەریکا؛ ژێرخانەکانی ژیریی دەستکرد بە خێرایی لە گەشەکردندان و وادیارە لە داهاتووی نزیکدا دراوێکی رکابەر ئامانجی لادانی دۆلاری نەبێت.
«سکۆت بێسێنت»، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، سێشەممەی رابردوو لە کۆنگرێس بانگەشەی ئەوەی کرد کە هێشتا متمانەی بە متمانەداریی سیستەمی دارایی ئەمەریکا هەیە. ئەو جەختی کردەوە کە زیادکردنە ئاشکراکانی قەواڵەی قەرزی دەوڵەت بە سەرکەوتوویی ئەنجام دەدرێن و دۆلاریش لەسەر بنەمای پشکی خۆی لە مامەڵە جیهانییەکاندا هێشتا پێگەیەکی بەهێزی هەیە.
دەرکەوتنی نیشانەکانی درزبرردنی هەژموونی ئابووریی ئەمەریکا
بە هەموو حاڵێک، بەپێی نووسینی نیویۆرک تایمز، نیشانەکانی درزبرردنی هەژموونی ئابووریی ئەمەریکا خەریکن دەردەکەون. دیارترین نموونە لە بازاڕی قەواڵەی قەرزدا دەبینرێت. رێژەی سوودی قەواڵەکان بە توندی بەرز بووەتەوە، چونکە ئەو وەبەرهێنەرانەی لە زیادبوونی قەرزی نیشتمانیی ئەمەریکا بێزارن، بۆ کڕینی قەواڵەی گەنجینە داوای سوودێکی زیاتر دەکەن. سوودی قەواڵەی گەنجینەی ١٠ ساڵەی ئەمەریکا هەفتەی رابردوو لە ٥٪ تێپەڕی و گەیشتە بەرزترین ئاستی خۆی لە ساڵی ٢٠٠٧ـەوە.
بڕیاری بانکی ناوەندیی ئەمەریکا (فێدراڵ ڕێزێرو) بۆ بەرزکردنەوەی رێژەی سوود، دەکرێت نیگەرانییەکان لەسەر توانای فێدراڵ ڕێزێرو بۆ کۆنترۆڵکردنی هەڵاوسانی بەرز کەم بکاتەوە؛ ئەو نیگەرانییانەی کە بوونەتە هۆی زیادبوونی دڵەڕاوکێ لە بازاڕی قەواڵەی قەرزدا. ئەم تۆمارە نیگەرانکەرەی سوودی قەواڵەکان، یەک هەفتە دوای ئەوە شکێنرا کە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ٥.٢ ملیار دۆلار لە قەرزەکانی خۆی کە وادەی پێگەیشتنیان لە نێوان ١٠ بۆ ٢٠ ساڵی داهاتوودایە، کڕییەوە. ئەم هەنگاوە بەشێک بوو لە بەرنامەیەک بۆ زیادکردنی داخوازی لە بازاڕی قەواڵەی گەنجینەدا تا بە بەرزکردنەوەی نرخی قەواڵەکان، سوودەکەیان کەم ببێتەوە. بێسێنت بانگەشەی ئەوەی کرد کە وەبەرهێنەران «توانای بنەڕەتیی ئابووریی ئەمەریکا تێناگەن!»
بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە دۆخی دارایی درێژخایەنی ئەمەریکا متزلزل دەردەکەوێت، هەندێک وڵات ئێستا ئەم پرسیارە دەکەن کە ئایا وەبەرهێنان لە ئەمەریکادا هێشتا بڕیارێکی ژیرانەیە؟ سندووقی سامانی نیشتمانیی نەرویج، کە بە گەورەترین سندووقی سامانی نیشتمانیی جیهان ئەژمار دەکرێت، ئەم مانگە ڕایگەیاند کە پلانی هەیە رێژەی قەواڵەی گەنجینەی ئەمەریکا لە سەبەتەی داراییەکانی خۆیدا کەم بکاتەوە و بۆ دەستخستنی سوودێکی زیاتر، بەدوای بژاردەی تردا بگەڕێت.
ئایندەی دۆلار
نزیکەی ٩٠٪ی مامەڵە دراوییەکانی جیهان بە دۆلار ئەنجام دەدرێن. بەڵام پشکی دۆلار لە یەدەگی بانکە ناوەندییەکاندا لە ماوەی دەیەی رابردوودا بە شێوەیەکی یەکسان کەم بووەتەوە و لە ٦٤٪ لە ساڵی ٢٠١٥ـەوە بۆ ٥٦٪ لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ دابەزیوە.
«کریستین لاگارد»، سەرۆکی بانکی ناوەندیی ئەورووپا، ساڵی پار وتی کە سیاسەتگەلی ناچێگیرانەی ئەمەریکا زەمینە بۆ «ساتە مێژووییەکەی یۆرۆ» خۆش دەکەن.
ئەمەریکا لە پێگەی تایبەتی دۆلار کەڵک وەردەگرێت و کردوویەتی بە ئامرازێک لە سیاسەتی دەرەکیدا، کە لەوانە دەتوانین ئاماژە بە سەپاندنی گەمارۆی توند دژی رکابەرانی وەک ئێران و رووسیا بکەین. هەرچەند ئەمەریکا بەکارهێنانی گەمارۆکان بۆ چارەسەری ململانێ جیهانییەکان زیاتر دەکات، بەردەوامیی پێگەی دۆلار وەک دراوی یەدەگی جیهان زیاتر لە جاران دەخرێتە ژێر پرسیارەوە.
ئەمەریکا ئەمساڵ هەوڵیدا لە توندیی بەرنامەی گەمارۆکانی کەم بکاتەوە، چونکە نیگەرانییەکان لەسەر ئەم بابەتە زیادی کردبوو کە بەکارهێنانی زێدەی «جەنگی دارایی»، وڵاتانی تر بەرەو دۆزینەوەی جێگرەوە بۆ دۆلار پاڵ پێوە دەنێت. دۆلار لە زۆربەی مامەڵە داراییە دەر سنوورییەکاندا بەکاردێت و هەر بۆیە گەمارۆکان دەتوانن بە بنەڕەت توانای وڵاتێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ سیستەمی دارایی رۆژئاوادا بپچڕێنن. ئەو وڵاتانەی کە لە شێوازی بەکارهێنانی دەسەڵاتی ئابووریی ئەمەریکا بێزار بوون، زیاتر لە جاران بەدوای سیستەمی دارایی جێگرەوەدا دەگەڕێن کە واشنتۆن نەتوانێت دەستی پێیان بگات.
لەگەڵ ئەوەشدا، بێسێنت لە مانگی ئابدا ئاراستەکەی گۆڕی و لە پلانێکی پەردەلاری کرد کە ناوی لێنا «ئۆپەراسیۆنی دەرکردنی ئابووریی» ئێران. بە بانگەشەی ناوبراو، ئامانجی ئەم هەڵمەتە، خستنەگەری گوشاری توندە لەسەر ئابووریی ئێران و گەمارۆی لاوەکییە بۆ هەر وڵاتێک کە پەیوەندییە ئابوورییەکانی خۆی لەگەڵ تاران بپارێزێت. هەرچەند، تەنانەت وەزیری گەنجینەی ئەمەریکاش دانی بەوەدا ناوە کە ئەگەر ئەمەریکا ناچار بێت ئەم هەڕەشەیە جێبەجێ بکات، دەکرێت ئەم هەنگاوە «سیستەمی دارایی جیهان بتەقێنێتەوە.»
سەرەڕای ئەوەی وادیار نییە یۆرۆ و رێنمنبیی چین (RMB) لە داهاتووی نزیکدا ئامادەی لادانی دۆلار بن، سەرهەڵدانی دراوە دیجیتاڵییەکانی بانکە ناوەندییەکان، ستیبل کۆینەکان و رەمز دراوەکان (کریپتۆکان)، رێڕەوی تازەیان خستووەتە بەردەست رکابەرانی ئەمەریکا تا لە کاتی ئەنجامدانی مامەڵە نێودەوڵەتییەکاندا، سیستەمی دارایی ئەمەریکا دور بپەڕنەوە.
چین بە هاوکاریی هۆنگ کۆنگ، تایلەند، ئیمارات و عەرەبستانی سعوودی، لە گەشەپێدانی پلاتفۆرمێکی دراوی دیجیتاڵی دەر سنووریدا پێشەنگ بووە؛ پلاتفۆرمێک کە دەرفەتی گواستنەوەی خێراتری پارە بە کارمزدی کەمتر لە مامەڵە بانکییە نەریتییەکان دەخوڵقێنێت. پڕۆژەیەکی هاوشێوەش بۆ پارەدانە دەر سنوورییەکان لەژێر سەرپەرشتیی ژمارەیەک لە وڵاتانی گرووپی حەوت (G7) و دامەزراوە داراییە رۆژئاواییەکاندا لە گەشەپێداندایە، بەڵام بەراورد بە پلانی چین کە بە «mBridge» ناودەبرێت، هێشتا لە قۆناغە سەرەتاییەکانیدایە.
رووسیا و هیندستانیش بەم دواییانە رایانگەیاند کە لەسەر پلانێک کار دەکەن کە رێگەیان پێ دەدات لە دراوە دیجیتاڵییەکانی بانکە ناوەندییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی پارەدانی بازرگانیی نێودەوڵەتی کەڵک وەربگرن. وەها سازوکارێک رێگە بەم وڵاتانە دەدات پەیوەندییە بازرگانییەکانیان فراوان بکەن و وابەستەیی بە دامەزراوە داراییە رۆژئاواییەکان کە دەکرێت ئامانجی گەمارۆکانی ئەمەریکا بن، کەم بکەنەوە.
دورپەڕینەوەی دۆلار بە پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا ئاسانتر و هەرزانتر بووە
«جاش لیپسکی»، سەرۆکی یەکەی ئابووریی نێودەوڵەتی لە ئەنجومەنی ئاتلانتیک دەڵێت: «چیرۆکی دوورکەوتنەوە لە دۆلار یەکێکە لە کۆنترین چیرۆکەکان. وڵاتان ماوەیەکی زۆرە بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێن بۆ دورپەڕینەوەی دۆلار و تەکنەلۆژیا وای کردووە ئەم کارە بەراورد بە رابردوو کەمێک هەرزانتر و ئاسانتر بێت.»
لە کاتێکدا هەندێک وڵات سەرنجیان خستووەتە سەر پارەی دیجیتاڵی، هەندێکی تر لە ناو دڵەڕاوکێکان لەسەر جێگیریی ئەمەریکا، روویان کردووەتە زێڕ. رێژەی زێڕی ناو یەدەگە نێودەوڵەتییەکانی جیهان لە ساڵی ٢٠٢٥، لە رێژەی قەواڵەی گەنجینەی ئەمەریکا کە لە دەستی دەوڵەتانی بیانیدا بوو، تێپەڕی. ئەمساڵیش نرخی زێڕ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا لە پێنج هەزار دۆلار بۆ هەر ئۆنسێک تێپەڕی؛ چونکە بانکە ناوەندییەکان لە ناو توندبوونی ململانێ جیهانییەکان و نیگەرانییە هەڵاوسانییەکاندا، یەدەگی زێڕی خۆیان زیاد کرد.
داخوازی بۆ زێڕ ئەوەندە بەرز بووەتەوە کە هەندێک وڵات پێیان باشترە یەدەگی زێڕەکەیان بۆ خاکی خۆیان نزیک بکەنەوە. بە لەبەرچاوگرتنی توندبوونی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و ورووژاندنی هەڕەشەی گومرگیی ترەمپ دژی هاوپەیمانە ئەورووپییەکان، هەندێک وڵات تەنانەت دەستیان بە هەنگاوێکی دەگمەن کردووە و ئەو زێڕەیان کە لە خەزێنەکانی بانکی فێدراڵ ڕێزێروی نیویۆرکدا دایان نابوو، بۆ وڵاتانی خۆیان گواستەوە.
بانکی ناوەندیی هۆڵەندا ئەم مانگە رایگەیاند کە بەشێکی گەورەی ٩٥ تۆن یەدەگی زێڕی لە ئەمەریکای باکوور هەیبوو، لە ئەمەریکا دەریهێناوە. ئەم بانکە هۆکاری ئەم هەنگاوەی بۆ «توندبوونی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان» و پێویستیی ئامادەیی بۆ دۆخی قەیراناوی گەڕاندەوە. بانکی ناوەندیی فەرەنساش لە مانگی ئاداردا رایگەیاند کە ١٢٩ تۆن زێڕی لە فێدراڵ ڕێزێروی نیویۆرک دەرهێناوە و بۆ پاریس گواستووەتەوە.
هەرچەند حکوومەتی ترەمپ هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی زێڕی پەیوەندیدار بە وڵاتانی بیانی کە لە ئەمەریکا هەڵگیراون نەکردووە، بەڵام ترەمپ بە ورووژاندنی بیری کۆلۆنیالیزمی ناوچەگەلێکی وەک گرینلاند و کەنەدا، پرسیاری لەسەر روانگەی ئەو بەرامبەر بە مافی نێودەوڵەتی دروست کردووە.
«دانیێل تانباوم»، لە هاوبەشانی بەشی دارایی و مەترسیی کۆمپانیای «ئۆلیڤەر وایمان» (Oliver Wyman) کە پێشتر لە وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا کاری کردووە، دەڵێت: «وادیارە وڵاتان ئیتر متمانەیان بە ئەمەریکا نەماوە. پێموایە فاکتەری ترس لەم ناوەدا بوونی هەیە.»
ئەم فاکتەری ترسە هەروەها بۆ کۆمپانیا ئەمەریکییەکان کە هەوڵ دەدەن لە دەرەوەی وڵات چالاکی بکەن، لێکەوتەی نەرێنیی لێکەوتووەتەوە.
بە وتەی تانباوم، «بەکارهێنانی توندوتیژانەی ئەمەریکا لە گومرگەکان و چاودێرییە هەناردەییەکان بووەتە هۆی ئەوەی وڵاتانی ئەورووپا و کۆمپانیاکانی ئەو کیشوەرە بەرامبەر بە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای ئەمەریکی لە پیشەسازییە هەستیارەکان، لەوانە ژیریی دەستکرد، بە وریاییەوە بجووڵێنەوە. نیگەرانیی ئەوان ئەوەیە کە ئەگەر بۆ وەها ژێرخانێک وابەستەی ئەمەریکا بن، واشنتۆن لە کاتی بڕیار بۆ قەدەغەکردن یان لەکارخستنی ئەو تەکنەلۆژیایە بتوانێت لەو وابەستەییە دژی ئەوان کەڵک وەربگرێت؛ هەروەک چۆن لە جریان ململانێکان لەگەڵ چین و رووسیا وەها هەنگاوێکی کردووە.»
«هەموو ئەم فاکتەرانە بوونەتە هۆی لاوازبوونی پێگەی ئەمەریکا وەک پەناگەیەکی ئەمن بۆ وەبەرهێنان.» تانباوم لە کۆتاییدا جەختی کردەوە: دەوڵەتان و کۆمپانیاکان ئێستا دەبێت لە خۆیان بپرسن کە ئەگەر ئەمەریکا لە ئامێری ئابووریی خۆی دژی ئەوان کەڵک وەربگرێت، چی روو دەدات؟