ئازاد تەها ئاماژەی بەوە کرد کە ناڕەزایەتییە مێژووییەکان و جوڵە ژێرخانییەکان بەرەو سەرهەڵدانەوە دەچن، بەتایبەت سەبارەت بە هەر سێ پارێزگای (عەسیر، جازان، و نەجران) کە لە ساڵی ١٩٣٠ لە خاکی یەمەن دابڕێنراون و خراونەتە سەر شانشینی سعودیە.
بە وتەی ناوبراو، هاوکێشەکە ڕوونە: "بڕیارە ئەوەی مافی خەڵکە بۆیان بگەڕێتەوە"
هاوکات زۆربەی هۆزەکانی ناوچەکە هاوسۆزی تەواویان بۆ تەوژم و ڕەوتێک هەیە کە بە شۆڕشی حوسی وەسف دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بۆ جام کوردی، تەها هێمای بۆ ئەوە کرد کە دانوستانێکی جدی و نەبینراو لەگەڵ سەرۆک هۆزەکانی سعودیە لە ئارادایە. ناوبراو بەراوردی ئەم دۆخەی کرد بە زنجیرە ڕووداوەکانی ئەفغانستان، کاتێک کۆچکردوو قاسم سلیمانی و ئیران توانییان هۆزە ناکۆکەکان و تاڵیبان لەسەر یەک هێڵ کۆبکەنەوە و لە ماوەی تەنها ۱۰ ڕۆژدا حکومەتی پێشوو بڕوخێنن.
ئازاد تەها جەختی کردەوە کە لە ئێستادا پرسێکی سەرەکی دەخرێتە بەردەم سەرۆک عەشیرەتەکانی سعودیە: "ئایا دەتانەوێت دەرئەنجامێکی دادپەروەرانەتر هەبێت، یاخود یەک خێزان تەواوی سەروەت و نەختینەی وڵاتەکە ببات و ئێوە پەراوێز بخرێن؟"
بەمەش شانشینی سعودیە بەرەو کایە و بازنەی کاریگەریی ئێرانی-حوسی ڕادەکێشرێت.
سەبارەت بە هاوکارییەکانی ناو میحوەرەکە، تەها پشتی بە زانیارییەکان بەست و ئاشکرای کرد کە بۆ ماوەی حەوت ساڵ ئەفسەرێکی دیاری حزبوڵڵای لوبنان، بە ڕێنمایی ڕاستەوخۆی حەسەن نەسروڵڵا، لەگەڵ حوسییەکان ژیاوە بەبێ ئەوەی فەرمانیان بەسەردا بپەسپێرێت، بەڵکو مەبەستەکە دەستەبەرکردنی بڕیاری سەربەخۆی یەمەنییەکان بووە.
ئەمەش دەری دەخات کە هەڵمەت و جوڵەکانی ئێستای حوسییەکان ئامادەکارییەکی دوورودرێژی بۆ کراوە و هێرشی لەپڕ و ئاڵۆز نین، بەڵکو ئامانج لێی هێشتنەوەی خاوەندارێتیە بۆ یەمەنییەکان،
ئازاد تەها ڕوونی کردەوە کە دەوڵەتی سعودیە لەسەر بنەمای تائیفی/وەهابی و دەسەڵاتی یەک بنەماڵە بنیاتنراوە کە کۆنتڕۆڵی دارایی و سیاسەتیان کردووە، بەڵام سنوورەکانی باشوور زۆر دوورن لە دڵسۆزی بۆ کۆشکی پاشایەتی.
هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە پارێزگاکانی ڕۆژهەڵاتی سعودیە، کە زۆرینەی دانیشتووانیان شیعهن، گۆڕانکارییان بەسەردا دێت و قسەی کۆتایی لەم ناوچەیەدا لەگەڵ ئێران دەبێت.
وتیشی داخستنی گەرووی (باب المندب) بەڕووی کەشتییەکانی سعودیە تەنها بەشێکە لە یارییەکە و کۆتایی پێشهاتەکان نییە.
لە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ پەیامنێری جام کوردی، ئازاد تەها دەربارەی داهاتووی کۆمپانیا ئەمریکییەکان وتی: "هیچ داهاتوویەک بۆ کۆمپانیا نەوتییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا نابێت، تەنانەت دوای یەکلابوونەوەی ململانێی هۆزەکانیش، گەڕانەوەی ئەو کۆمپانیایانە زۆر گوماناوییە."