پارێزەر بەکر حەمەسدیق لە پەیامێکدا ئاراستەی کچ و ژنە پارێزەرانی کرد، هۆشیاریی دا لەوەی کە بە وردی ئاگاداری خۆیان بن و ڕایگەیاند: "زۆربەی کۆمپانیا و شوێنە بازرگانییەکان کاتێک داوای پارێزەرێکی کچ یان ژن دەکەن بۆ کۆمپانیاکەیان یاخود بۆ کەیسەکانیان، زۆربەیان پێویستیان بە زانست و زانیاریی پارێزەرە کچەکە نییە، بەڵکو بۆ سەدان کاری دیکەی نەشیاو بەکاریان دەهێنن."
ناوبراو ئاماژەی بە شێوازی دەرکەوتنی ئەو پارێزەرانە کرد و وتی: "تەنانەت ئاگاداری میکیاژکردن و جلوبەرگتان بن، چونکە زۆرێک لە کۆمپانیاکان وەک نێچیر سەیری کچ و ژنەکان دەکەن و بۆ مەرامی تایبەتی خۆیان بەکاریان دەهێنن."
ئەم لێدوانانە بێ وەڵام نەبوو؛ لە بەرامبەردا ژنە پارێزەر سەمیرە عەلی بە توندی وەڵامی دایەوەو ڕەتیکردەوە کە ژنە پارێزەرە بەتواناکان پێویستیان بەو جۆرە ئامۆژگارییانە هەبێت.
سەمیرە عەلی ڕایگەیاند: "کچە پارێزەرێک بە مانای وشە پارێزەر بێت، بە توانا، نمرە، ماندووبوون و لێهاتوویی خۆی بووبێتە پارێزەر، هەموو قۆناغەکانی کۆلێژی یاسای بە توانا و شەونوخونی بڕیبێت و بە جوانترین شێوە خۆی پەروەردە کردبێت، زۆر لەوە چاوکراوەترە لەخشتە ببرێت و پێویستی بە ئامۆژگاری و ڕێنمایی نییە."
ئەو ژنە پارێزەرە جەختیشی کردەوە کە ئەم دیاردەیە گشتگیر نییە و وتی: "ئەو بابەتە تەنها پەیوەندی بەو کیژۆڵە کاڵفامانەوە هەیە کە بە زەبری پارە یاسایان پێ تەواو کراوە، بێ ماندووبوون و شەونوخونی و بە گەندەڵی بوون بە پارێزەر و تەنها بەناو پارێزەرن."
ئەم راجیاوازانە لەوانەیە ببێتە هۆی دروستبوونی دیبەیتێکی گەرم لەنێوان یاساناساندا لەسەر ئاستی پیشەییبوون و ڕێزگرتن لە پێگەی کچان و ژنان لە کەرتی یاسا و ڕاوێژکاریدا.