دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی ٧٥٠ دیناری لە هەرێمی کوردستان بە میکانیزمی جیاواز بەردەوامە. لە هەولێر ١٠ وێستگە لە کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆوە دەست بە دابەشکردنی سووتەمەنی دەکەن و ٢٨ وێستگەی دیکەش لە کاتژمێر ٧ی بەیانییەوە کار دەکەن.لە دهۆک و زاخۆ ڕۆژانە ٧٥٦ هەزار لیتر بەنزین لە ٢١ وێستگە دابین دەکرێت؛ ئۆتۆمبێلی تایبەت هەر چوار ڕۆژ جارێک ٤٠ لیتر و تەکسی و پاس هەر دوو ڕۆژ جارێک ٤٠ لیتر وەردەگرن.بەپێی زانیارییەکان، دابەشکردن لە هەولێر و سۆران لە نزیکەی ٤٥ وێستگە و لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و ڕاپەڕین لە نزیکەی ٣٠ وێستگە بە پسوولەی ئەلیکترۆنی ئەنجام دەدرێت و بۆ هەر وێستگەیەک تانکەرێکی ٣٦ هەزار لیتری دەنێردرێت. لە سلێمانیشدا سیستەمی تاک و جووت بۆ تابلۆی ئۆتۆمبێلەکان جێبەجێ دەکرێت و پاسەکان هەر دوو ڕۆژ جارێک ٧٠ لیتر وەردەگرن.