پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٦ەوە وەستاوە و ئێستا حکومەتی هەرێم دەستی بە ڕێکارەکانی کردووە؛ بڕیارە تا مانگی ١٠ی ئەمساڵ تەواو بکرێن. لە هەمان کاتدا، بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست، لەوانە مامۆستایان، لە پێشنیازەکانی بودجەی ساڵی داهاتوودایە.ئەندامێکی شاندی دانوستانکاری هەرێم بۆ بودجە ڕایگەیاندووە لەگەڵ شاندی عێراق ڕێککەوتن کراوە پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لە بودجەدا جێگیر و تەرخانی دارایی بۆ بکرێت، بۆ ئەوەی دوای پەسەندکردنی بودجە، لە ساڵی داهاتوودا پلەبەرزکردنەوە لە هەرێم و عێراق دەست پێبکاتەوە.بەپێی زانیارییەکان، بابەتەکانی پلەبەرزکردنەوە، بەهەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست و دامەزراندنی نوێ وەک پێشنیاز ئامادە کراون و بڕیارە بۆ پەسەندکردن بخرێنە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانی عێراق.