بیلال خەیات نوسەرو شیکەرەوەی سیاسی لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی نوسیویەتی:

ڕووداوەکانی دوێنێی کۆبوونەوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەتایبەت گوتارەکەی دۆناڵد تڕەمپ جارێکی تر سەلماندی کە ئەم دەزگا نێودەوڵەتییە لە ئامانجە بنەڕەتییەکەی لایداوە و بۆتە تەنها سەکۆیەکی ڕووت بۆ تەسفیەحساباتی سیاسیی زلهێزەکان لە سەرووی هەمووشیانەوە ئەمریکا و ئیسرائیل.

تڕەمپ لە وتارەکەیدا نەک هەر زمانی دیپلۆماسیی بەزاند بەڵکو شانازیی بە تێکشکاندنی وڵاتێک وەک ئێران کرد و بە ئاشکرا هەڕەشەی لە وڵاتانی سەربەخۆ وەک کوبا کرد.

لە هەنگاوێکی سەیرتردا داوای لە وڵاتان کرد کە پشتیوانیی دادگای لاهای (دادگای تاوانی نێودەوڵەتی) نەکەن و لێی بکشێنەوە تەنها لەبەر ئەوەی ئەو دادگایە لە سیاسەتی ئەوان لایداوە و دەیەوێت سنوورێک بۆ تاوانەکان دانێت. 

وەناشرینتریش لەوانە دور لە هەموو عورفێکی سیاسی و دیپلۆماسی خۆی کرد بە کۆبوونەوەیەکی تایبەتیی چەند دەوڵەتێکدا کە ئەمەش نیشانەی ڕوونی بێڕێزیکردنە بە بنەماکانی دامەزراوەیی. 

تڕەمپ لە ئێستادا جگە لە سیمای (شەقاوەیەکی سیاسی) کە بە چەقۆکێشی و هەڕەشە مامەڵە لەگەڵ جیهاندا دەکات هیچ ڕەفتارێکی تری دیپلۆماسیی پێ نەماوە.

لە لایەکی ترەوە ئیسرائیل لە ڕێگەی بنیامین نەتەنیاهۆوە لە هەر بۆنە و مینبەرێکی جیهانیدا بێشەرمانە نەخشەی داگیرکاری و فراوانخوازییەکانی خۆی ڕادەگەیەنێت بێ ئەوەی هیچ بەربەستێک لەلایەن ئەم ڕێکخراوەوە بۆی دروستبکرێت.

کاتێک مرۆڤ دەڕوانێتە جیهانی ئەمڕۆ دەبینێت جەنگ و وێرانکاری لە هەموو لایەکەوە هەڵگیرساوە لە کاتێکدا بە ئاشکرا و لە بەرچاوی هەموو جیهان جینۆسایدی گەلی فەڵەستین دەکرێت لە هەمان کاتدا ئاگر و خوێن لیبیا، سودان، یەمەن و جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیای تەنیوە، نەتەوە یەکگرتووەکان تەنها بێدەنگە یان بووەتە پاشکۆی بڕیارە وێرانکەرەکانی ئەمریکا.

لێرەدا پرسیارە جیدییەکە ئەوەیە ئایا هێشتا پێویست بە مانەوەی ئەم ڕێکخراوە دەکات؟ ڕێکخراوێک نەتوانێت ڕێگری لە جینۆساید بگرێت نەتوانێت سنورێک بۆ شەڕخوازان دابنێت و تەنها ببێتە ژووری تەسفیەحساباتی زلهێزەکان بوون و نەبوونی هیچ جیاوازییەکی نییە.

نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئێستادا تەنها لاپەڕەیەکی مێژوویی ڕەشە کە شایستەی ئەوەیە هەڵتەکێنرێت و دامەزراوەیەکی نوێی خاوەن شکۆ جێگەی بگرێتەوە کە بەرگری لە مافی مرۆڤ و ئاشتیی ڕاستەقینە بکات نەک لە بەرژەوەندیی تڕەمپ و نەتەنیاهۆدا بشکێتەوە.