دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەغدا، عالیە نوسەیف، پەرلەمانتاری عێراقی، بە تۆمەتی «دەوڵەمەندبوونی نایاسایی» بە ٧ ساڵ زیندان سزاداوە.بەپێی ڕاگەیەنراوی دەستەی دەستپاکی عێراق، سامانە نایاسایییەکەی زیاتر لە ١٤ ملیار دینار و ١٢ ملیۆن دۆلار بووە و دادگا بڕیاری گەڕاندنەوەی ئەو سامانە و سەپاندنی سزایەکی دارایی هاوتای ئەو بڕەی داوە؛ کە بە کۆی گشتی زیاتر لە ٦١ ملیار دینارە.هەروەها بەهۆی شاردنەوەی زانیاری لە فۆرمی ئاشکراکردنی سامان، سزای ٣ ساڵ زیندانیی دیکەشی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام بەپێی بڕیاری دادگا تەنها توندترین سزا، واتە ٧ ساڵ زیندان، جێبەجێ دەکرێت. هەروەها بڕیار دراوە سەرجەم موڵک و سامانی گوازراوە و نەگوازراوەکەی دەستبەسەر بکرێت تا پارەکان بۆ خەزێنەی دەوڵەت بگەڕێندرێنەوە.