دکتۆر یاسین تەها ئاماژە بەوە دەکات، ئەگەرچی شاندێک لە عێراقەوە چوونەتە نیویۆرک، بەڵام دۆناڵد ترەمپ و ستافەکەی تەنیا پێشوازییان لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە و کۆبوونەوەکەیان تەنیا لەگەڵ ئەودا ئەنجامداوە.
بە بڕوای ئەم شرۆڤەکارە، هۆکاری ئەم مامەڵەیە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە حەقیقەتدا شتێک بە ناوی «حکومەت» و «سیاسەتی عێراقی» بوونی نییە، بەڵکو هەموو شتێک لە وڵاتەکەدا بووەتە پرۆسەیەکی پارچەپارچەکراو و لەسەر بنەمای بەڵێندەرایەتی (مقاوەلە) بەڕێوەدەچێت.
لە بەشێکی دیکەی شرۆڤەکەیدا، ئاماژە بە ڕۆڵی «عەلی زەیدی» کراوە و وەک دواین دەرفەتی عێراق و پردی پەیوەندی بۆ هەڵکردن لەگەڵ ئیدارەی ترەمپ وەسف کراوە.
هاوكات تەها ئاماژە بە لێدوانێکی «تۆم باراک»، هاوڕێی ترەمپ و بەرپرسی دۆسیەی عێراق دەکات کە وتبووی: «ئێمە دەوڵەتدارییەک (دەوڵەتێکی یەکگرتوو)مان لە عێراق دەوێت!»؛ شرۆڤەکارەکە ئەم لێدوانەی بە تووشبوون بە سەرسوڕمانەوە لێکداوەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە تۆم باراک وەک ئەوەی بێئاگا بێت یان خۆی لە نەزانین بدات سەبارەت بە واقعی پارچەپارچەبووی سیاسی لە عێراقدا، داوای عێراقێکی بەهێز و یەکگرتوو دەکات.