وەزیری دارایی عێراق داواکاریی هاوتاکردنی پلەبەرزکردنەوە و سەرمووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی ئاراستەی فەرمانگەی بودجە کردووە تاوەکو بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان لێکۆڵینەوەی لەسەر بکرێت.سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان گوتی فەرمانگەکان دەبێت لە ماوەی شەش ڕۆژی داهاتوودا سەرجەم زانیارییە داواکراوەکان بنێرنەوە، بۆ نوێکردنەوە و پێداچوونەوەی داتا، تا لە ئەگەری ڕێککەوتنی هەولێر و بەغدا لەسەر پلەبەرزکردنەوە و سەرمووچە، زانیارییەکان ئامادە و بۆ بەغدا بنێردرێنەوە.لە لایەکی دیکەوە، دوای نووسراوی وەزارەتی دارایی عێراق، پرۆسەی سیستەمکردنی میلاکاتی هەموو جۆرەکانی مووچەخۆران، لە فەرمانبەری هەمیشەیی تا گرێبەست و کرێی ڕۆژانە، لە هەرێم و عێراق بەردەوامە. لەم پرۆسەیەدا داتا و زانیاریی مووچەخۆران لەلایەن یەکە ژمێریارییەکانەوە تۆمار دەکرێن و وەزارەتی دارایی ڕێنماییی پڕکردنەوەی زانیارییەکان بۆ فەرمانگەکان دابین کردووە.