نازم عەبدوڵڵا، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان، دەڵێت كەرتی پەلەوەر سەرچاوەی بژێوی زیاتر لە ٤٠٠ هەزار خێزانە، بەڵام بەهۆی کێشەکانی چارەسەرنەکراوەوە، بەشێک لە خاوەن کێڵگەکان لە مەترسیی مایەپووچبوون دان.ئەو داوای ڕاگرتنی مۆڵەتی دروستکردنی کێڵگەی نوێ، قەدەغەکردنی هاوردەی مریشکی بەستوو و پشتیوانی لە بەرهەمی ناوخۆ دەکات. هەروەها داوای ئاسانکاری بۆ ناردنی بەرهەمەکان بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق و کۆنترۆڵکردنی نرخی ئالیک و هێلکەی تروکاندن دەکات. بەپێی وتەکانی ئەو، پێویستی ساڵانەی هەرێم بە گۆشتی مریشک نزیکەی ١٥٠ هەزار تۆنە، لە کاتێکدا توانای بەرهەمهێنانی ناوخۆ زیاتر لە ٤٠٠ هەزار تۆنە.فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ، گوتی داواکارییەکانی خاوەن کێڵگەکان وەرگیراون و کۆبوونەوەیان لەگەڵ دەکرێت. بە وتەی ئەو، بەشێک لە کێشەکان پەیوەندی بە ڕێگرییەکانی بازگەکان لە کاتی ناردنی بەرهەم بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق هەیە و چارەسەرکردنیان پێویستی بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ هەیە.لە هەمان کاتدا، وەزارەت پێشنیاری سەربڕینی مریشکەکان لە سەربڕخانە فەرمییەکان و فرۆشتنیان بە شێوەی «مریشکی بەستوو»ی ناوخۆ دەکات، بەڵام دەڵێت ئەم شێوازە دەتوانێت کاریگەری لەسەر زیاتر لە ١٧ هەزار دووکان و فرۆشگای مریشکفرۆشی هەبێت.
ئاستەنگی بازگەكانی عێراق بۆ هەناردەكردنی مریشكی هەرێمی كوردستان بەردەوامە
زایەڵە - سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان داوای بەدەنگەوەهاتنی بەپەلەی كێڵگە پەلەوەرییەكان دەكات، كە مەترسیی مایەپووچبوونیان هەیە. بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵیش دەڵێت، تاوتوێی داواكاری و سەرنجەكانیان دەكەین و بۆ چارەسەركردنی گرفتەكانیان هەماهەنگ دەبین.
September 25, 2026