ئاکۆ جەمال لە دەستپێکی قسەکانیدا ئاماژەی بە جیاوازیی گەورەی ئاستی ژیانی جەماوەر و نوێنەرەکانیان کرد و وتی: «وەزیری نەوتی عێراق تا ئێستاش لە شوقەیەکی ٦٠ مەتریدایە، کەچی ئەندام پەرلەمانی کورد هەبووە لە بەغدا —کە بە حساب نوێنەرایەتی گەلی کردووە— لە سیتییەکی ڕاقیدا دوو بۆ سێ شوقەی بە یەکەوە بەستۆتەوە تا جێگەی ببێتەوە، چونکە وەک بڵێی هەڵئاوسابێ و جێگای نەبێتەوە»
لە درێژەی ئاخاوتنەکەیدا ڕەخنەی لە جێبەجێ نەکردنی بەڵێنە سەرەکییەکان گرت و رایگەیاند: «دەیان ساڵە دەڵێن نرخی نەوت و بەنزین وەک بەغدای لێ دەکەین، بەڵام بۆتان نەکرا.
- وتتان تەوتینی مووچە دەکەین، ئەویشتان بۆ نەکرا.
- بڕیارتاندا ئەو هەموو باجە بە یاسا هەڵبوەشێننەوە، بەڵام لەوەشدا دۆڕان.
- وتتان کارێک دەکەین مووچە وەک عێراقی لێ بێت و لە کاتی خۆیدا دابەش بێت، بە خوا ئەوەشیان هەر درۆ بوو.»
ئەو چالاکوانە مەدەنییە لە کۆتایی وتوێژەکەیدا ڕووی دەمی کردە دەسەڵاتداران و نوێنەران و وتی: «ئێوە بۆ گیرفان و گوزەرانی خۆتان، ماشەڵا زۆر وردن! ئەوانەی دەتانبینن باسی سەلیقەی جوانتان دەکەن لە کڕینی ئۆتۆمبێلی کەشخە، ڤێلا و شوقەی ناوازە. گەلیش با چوار ساڵ جارێک بچێتەوە سەر سندوقەکانی دەنگدان تا ئێوە لەو ناز و نیعمەتە دانەبڕێن.»