لە وەڵامی ئەم بڕیارانەدا، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕێگەی عەلی زەیدی، بەرپرسی نووسینگەی ڕاگەیاندنەوە ڕایگەیاند، حکومەتی عێراق گفتوگۆیەکی ڕاستەوخۆ و چڕی لەگەڵ واشنتن دەست پێکردووە تاوەکو بەشێک لە فڕۆکەخانەکانی عێراق لەو ڕێکارانەی وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا بەدەر ببن.
بەغدا ئاماژەی بەوە کردووە کە بەردەوامیی ئەم
قەیرانانە دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و داوا دەکت لە ڕێگەی دیالۆگەوە ئاڵۆزییەکان هێور ببنەوە تاوەکو گەشتەکان بۆ هۆکاری مرۆیی، چارەسەری پزیشکی، خوێندن و سەردانی ئایینی ڕانەوەستن.
لەبارەی بەستنەوەی ململانێ سیاسییەکان بە ژیانی هاووڵاتییانەوە، بورهان شێخ ڕەوف، چاودێری سیاسی لە لێدوانێکدا بۆ ڕاگەیاندنی "جام کوردی" جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە یاسا نێودەوڵەتییەکان ببنە بنەما بۆ دابینکردنی ڕێڕەوی ئارام.
ناوبراو ئاماژەی بەوە دا کە خەڵکی سڤیل بەشێک نین لە هاوکێشەی شەڕ و دەبێت سەلامەتییان بپارێزرێت، هەر جۆرە ئاستەنگێکیش لەم ڕووەوە بە پێشێلکاریی ڕەهای مافەکانی مرۆیی ئەژمار دەکرێت.
لە هەمان چوارچێوەدا، بێژان سەربەست، چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی ڕایگەیاند: «دابڕینی ڕێڕەوە ئاسمانییەکان پێش هەموو شتێک زیان بە نەخۆش، قوتابیان و خێزانەکان دەگەیەنێت. کۆمەڵگەی مەدەنی داوا دەکات ململانێ سیاسییەکان لە کەرتە خزمهتگوزارییهکان و پێداویستییە مرۆییەکان بەدوور بگرترێن.»
سەبارەت بە ڕەهەندی ئابووری، کاروان عەلی، شرۆڤەکاری سیاسی روونی کردەوە کە هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی جووڵەیەکی گەورەی ئابووری لە بازاڕەکان، هوتێلەکان و کەرتی گواستنەوەی عێراقدا دروست دەکات. لە کاتێکدا ڕێگە ئاسمانییەکان بە سەلامەتترین هۆکار بۆ هاتوچۆی گەشتیاران دادەنرێن، بەستنیان فشارێکی زۆر دەخاتە سەر ڕێگە وشکانییەکان، کە خۆیان لە ڕووی ژێرخانەوە تۆکمە نین و توانای هاتوچۆی ئەو قەبارە گەورەیەی ئۆتۆمبێلیان نییە.
کەریم عەلی، کاسپکار لە شارۆچکەی کەلار ئاماژە بەوە دەکات: «بەستنی سەردانەکان یان زەحمەتبوونی هاتوچۆ ڕاستەوخۆ کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر بازاڕی ئێمە و جووڵەی کاسپیکارانی ناوچە سنوورییەکان.»
محمد تۆفیق، دانیشتووی شاری سلێمانی باسی لە سەختییەکانی چارەسەری پزیشکی کرد و وتی: «زۆرێک لە هاووڵاتییان بۆ چارەسەری پزیشکی پێویستیان بە گەشتی بەپەلە هەیە، ئاڵۆزبوونی گەشتە ئاسمانییەکان ڕاستەوخۆ یاری بە ژیانی نەخۆشەکان دەکات.»
عیرفان ئەحمەد، لە شارۆچکەی چەمچەماڵ لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان نووسیویەتی: «دۆخەکە لەوە دەرچووە تەنها ململانێی دوو وڵات بێت، بەڵکو هاووڵاتیی ئاسایی بووەتە قوربانیی یەکەمی ڕێکارە سزاییەکان و ئاستەنگەکانی بەردەم هاتوچۆ.»
ماوەتەوە بڵێین: ململانێی نێوان واشنتن و تاران لە ئاسمانی عێراقدا، بەغدای خستووەتە نێوان جێبەجێکردنی سزا نێودەوڵەتییەکان و پاراستنی بەرژەوەندییە ئابووری و مرۆییەکانی خۆی، کە بەهۆیەوە چارەنووسی گەشتە ئاسمانییەکان لە نێوان دیپڵۆماسییەت و سزاکاندا بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە.