بە پێی ڕاپۆرتی جام کوردی، ڕەزا قوبادیمێهر ڕایگەیاند: ناوەندی بازرگانی ناوچەی ئازادی قەسر شیرین، بڕیارە وەک تاقیکاری و گشتگیر و جیاواز دیزاین بکرێت و بە کەڵک وەرگرتن لە توانا نێودەوڵەتییەکان دەبێتە مۆدێلێکی جیاواز لە بازرگانی وڵاتدا.
ناوبراو زیادی کرد: پاڵپشتی و دابەشکردنی کاڵای ئێرانی، ڕاکێشانی وەبەرهێنەرانی بیانی و بوونی گەشتیارانی ناوخۆیی و بیانی میحوەرە سەرەکییەکانی ئەم پلانەن، هەوڵیش دەدرێت بۆ ئەوەی ناوەندی بازرگانی قەسر شیرین بکرێتە براندێکی سەرکەوتوو و جیاواز.
بەڕێوەبەری گشتی ڕێکخراوی ناوچەی ئازادی بازرگانی و پیشەسازی قەسرشیرین بە ئاماژە بە پشتیوانی و بەدواداچوونی بەردەوامی مەنووچێهر حەبیبی، پارێزگاری کرماشان، ڕایگەیاند: ئامانج پەرەپێدان و براندکردنی ئەم ناوەندە و ڕێگریکردنە لە دووبارەبوونەوەی ئەزموونی ناوەندە بازرگانییە ناوخۆییەکان کە نەیانتوانیوە ئامانجەکانیان بپێکن.
قوبادیمێهر جەختی لەوە کردەوە: کەڵک وەرگرتن لە توانای وەبەرهێنەرانی بیانی دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە پەرەپێدانی قەسر شیرین و پەرەپێدانی بازرگانی و وەبەرهێنان و دواجاریش لە سوودەکانی ئەم پەرەسەندنە، خەڵک بێبەش نابێت و بێگومان سوودیان پێدەگات.