سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە هەناردەی ڕۆژانەی نەوت لە بۆریی نەوتی کوردستان بەرزبووەتەوە و ئێستا لەنێوان ٤٠٠ تا ٤١٠ هەزار بەرمیلە. لەو بڕە، ٢١٠ تا ٢٣٥ هەزار بەرمیل بەرهەمی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستانە، ٤٠ تا ٥٠ هەزار بەرمیل هی کەرکووکە و بەشی ماوەش لە ناوچەکانی دیکەی عێراق بە تانکەر بۆ بۆریی نەوتی کوردستان دەگوازرێتەوە و دواتر هەناردە دەکرێت.سەرچاوەکە گوتی تێچووی دیاریکراوی دەرهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت ١٤ دۆلارە، بەڵام کۆمپانیاکانی نەوت دەڵێن تێچووی ڕاستەقینە لە هەندێک کێڵگەدا زیاترە. لەسەر ئەمەش گفتوگۆ لەنێوان هەولێر و بەغدا بەردەوامە.