بەڕێز کاک حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان
بەڕێز خانمە نوخشە ناسیح،
پارێزگاری هەڵەبجە
بەڕێزان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەڵەبجە
سڵاو و ڕێز...
وەک ئاگادارن، هەڵەبجە ئەمڕۆ تەنها شارێک لەڕووی مێژوویی و قوربانیدانەوە، بەڵکو پارێزگایەکی فەرمی بەڕێوەبەریی و بەڵگەی زیندووی سەروەریی گەلەکەمانە. بەڵام پرسیارە گەورەکە ئەوەیە: ئایا کاتی ئەوە نەهاتووە هەڵەبجە ببێتە خاوەنی تیپێکی ئۆرکێسترا و سەمفۆنیای سەربەخۆ و ڕەسەنی خۆی؟
سەیرکەن، بەبێ ئەوەی هەڵەبجە بە شارە گەورەکانی وەک سلێمانی و هەولێر و دهۆک بەراورد بکەین، تەنانەت لە شارە نزیکەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە هاوسنوورمانن—وەک مەریوان و پاوه—تیپی مۆسیقا و ئۆرکێسترای بەتوانا هەن کە نوێنەرایەتیی ناسنامەی هونەریی ناوچەکەیان دەکەن.
جێگەی داخە و نەقسێکی زۆر گەورەیە بۆ شاری هەڵەبجە کە تا ئەمڕۆش، بۆ سازدانی هەر بۆنەیەکی نیشتمانی، مێژوویی یان کلتووری، ناچار بین پەنا بۆ شارەکانی تر ببەین و تیپی مۆسیقا لە دەرەوەی شار بهێنین!
ئێمە لە هەڵەبجە شارەزا، ژەنیار و گەنجی خاوەن بەهرەی زۆر باشمان هەیە، بەڵام ئەم بەهرە و توانایانە پێویستییان بە کۆکردنەوە، پۆلێنکردن، پاڵپشتیی دارایی و دابینکردنی ژینگەیەکی ئەکادیمی هەیە تا ببنە تیپێکی سەربەخۆ.
داواکارین لە وەزارەتی ڕۆشنبیری و پارێزگای هەڵەبجە و بەڕێوەبەرایەتیی ڕۆشنبیری، لەجیاتی بەخشینی بودجەی کاتی بۆ بۆنە جۆراوجۆرەکان، بڕیارێکی ستراتیژی بدەن بۆ دامەزراندنی "تیپی ئۆرکێسترا/مۆسیقای پارێزگای هەڵەبجە". کۆکردنەوەی ئەم کادیرانە و پاڵپشتیکردنیان خزمەتێکی گەورەیە بە کلتوور و مێژووی ئەم شارە و دەبێتە خاوەن ناسنامەیەکی هونەریی تایبەت بە خۆی.
لەگەڵ ڕێزم .
حیکمت فائق عارف