وەزارەتی پەروەردە بە فەرمانێکی نوێ، هەموو پەیمانگە ناحکومییەکانی پابەند کردووە بە بەکارهێنانی سیستەمی پەنجەمۆر بۆ تۆمارکردنی ئامادەبوون و نەبوونی قوتابییان و پاراستنی تۆمارێکی وردی دەوام.بەپێی فەرمانەکە، هەر قوتابییەک لە ساڵێکی خوێندندا زیاتر لە ٢٥ ڕۆژ ئامادەبوونی تەواوی نەبێت، بە «دابڕاو لە خوێندن» هەژمار دەکرێت و مافی بەردەوامبوونی لەو ساڵەی خوێندندا نامێنێت. پەیمانگەکانیش بەرپرسیارن لە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە.وەزارەت هۆشداری داوە لە حاڵەتی سەرپێچی، ڕێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر کە لە سزای داراییەوە دەست پێدەکات و دەگاتە ڕەتکردنەوەی مۆڵەتی کارکردن. هەروەها سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی ڕاسپێردراون بەدواداچوونی مەیدانی بکەن و لە حاڵەتی کەمتەرخەمیی سەرپەرشتیارەکانیش، ڕێکاری لێسەندنەوەی پلەی کارگێڕی دەست پێدەکرێت.
وەزارەتی پەروەردە لەبارەی دەوامی قوتابییان مەرج بۆ پەیمانگە ناحکومییەکان دادەنێت
جام کوردی - وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چەند ڕێکارێکی تووند بەسەر پەیمانگە ناحکومییەکاندا دەسەپێنێت و سیستەمی پەنجەمۆر بۆ تۆمارکردنی ئامادەبوونی قوتابییان دەکاتە مەرج.
September 29, 2026