قالیباف لەو وتارەدا کە تەرخانکرابوو بۆ باسی گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە و گوشارە ئابوورییەکان، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە سەردەمی “تۆقاندن و هەڕەشەکردن بۆ لەناوبردنی گەلی ئێران” کۆتایی هاتووە. ناوبراو سەبارەت بە گەمارۆ ئابوورییەکان و دۆخی نەوت وتی: “ئەمریکییەکان و وڵاتانی دیکە با باش بزانن، هەروەک پێشتریش گوتوومانە؛ لەو ناوچەیەی کە ئێمە نەوت نەفرۆشین، کەس نەوت نافرۆشێت.”

سەرۆکی پەرلەمانی ئێران هەروەها هۆشداری دا کە ئەگەر ئاسایشی ئێران دابین نەکرێت، “هیچ ژێرخانێک لە ناوچەکەدا ئەمن و ئارام نابێت.”

ئامادەیی بۆ شەڕ و دووپاتکردنەوەی ستراتیژی بەرگری

قالیباف لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بە دۆخی ناوچەکە و شەڕی غەززە و لوبنان کرد و رایگەیاند کە “تەوژمی بەرگری” ئێران، دوای تێپەڕاندنی دوو شەڕی سەپێنراو، گۆڕاوە و ئێستا کۆماری ئیسلامی خاوەن ستراتیژییەکی بەرگریی تۆکمەیە. ناوبراو بە ئاماژەدان بە پەیامەکەی دوێنێی ڕێبەری ئێران، وتی کە پەیامەکە “ڕێڕەوێکی کردەیی” بۆ بەرگری و دۆخی ئابووری دیاریکردووە.

ناوبراو بە توندی وەڵامی لێدوانەکانی سەرۆککۆماری ئەمریکای لە کۆبوونەوەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دایەوە و بە “خەیاڵپڵاو” ناوی برد. قالیباف وتی: “کۆماری ئیسلامیی ئێران شەڕخواز نییە، بەڵام لە بەرگری لە ئاسایش و سەروەریی خۆی هەرگیز دوودڵ نابێت.”

قالیباف لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە سەرەڕای هەڕەشە سەربازییەکان و گوشارە ئابوورییەکان، دەوڵەتی ئێران و پەرلەمان پابەندن بە دابینکردنی بژێوی خەڵک و بەهێزکردنی ژێرخانە ئابوورییەکان وەک “پشتوانێکی هێزی مەیدانی” بۆ ئەوەی وڵات بتوانێت بە سەر ئەم قۆناغە سەختەدا تێپەڕێت.