بەڕێوەبەرایەتیی کارەبای سلێمانی و هەڵەبجە ڕوونی کردەوە کۆی قەرزی کارەبای گوڵەخانە ٧٦ ملیۆن دینارە، نەک ١٠٠ ملیۆن دینار؛ ئەم بڕەش پەیوەندی بە هەشت هاوبەشی جیاوازەوە هەیە، لەوانە ماڵان، میری و کشتوکاڵی.بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، بەشێکی زۆری قەرزەکە کۆنە و پێش دەستپێکردنی پرۆژەی ڕووناکی کەڵەکە بووە، چونکە گوڵەخانە دوا جار ٧ ساڵ لەمەوبەر پارەی کارەبای داوە. هەروەها بارەگای سەرەکی و کەناڵێکی تەلەفزیۆنی لە سلێمانیش قەرزی کارەبایان هەیە و بارەگاکە دوا جار لە ساڵی ٢٠٠٢ پارەی کارەبای داوە.بەڕێوەبەرایەتییەکە دەڵێت تیمەکانی کارەبا چەند جارێک بۆ پشکنین سەردانی ئەم شوێنانەیان کردووە، بەڵام ڕێگرییان لێکراوە و پشکنینی پسووڵەکانیش هیچ هەڵەیەکی لە بڕە تۆمارکراوەکان نەدۆزیوەتەوە.