عەلی حەمەساڵح لە وتارەکەیدا بە ناونیشانی «دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و هەرێم، پارتی و یەکێتی وەک جاران بەردەوام دەبن؟» تیشک دەخاتە سەر ڕەوشی حوکمڕانی لە هەرێمی کوردستان و دەپرسێت:
«ئەوە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی بەیەکجاری کشانەوە، ئایا پارتی و یەکێتی لە داخستنی پەرلەمان، بەحیزبیکردنی پێشمەرگە، دادگا، کۆی کایەکانی حوکمڕانی و حکومەتی ماوەبەسەرچوو بەردەوام دەبن؟»
سەرۆکی ڕەوتی هەڵوێست هاوکات سەرنج دەخاتە سەر باری دارایی و گوزەرانی هاوڵاتییان و دەڵێت:
«ئایا لە قورسکردنی باری سەرشانی خەڵک بە گرانیی کارەبا، سوتەمەنی و دەیان جۆر باج، هەروەها لە قاچاخی، سەرانە و دانانی کۆمپانیا بەردەوام دەبن؟» تاپۆکردنی ئەو جۆرە حوکمڕانییەش ڕەتدەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە: «ئەو فۆڕمەی پێشوو لەم قۆناغە نوێیەدا توانای بەردەوامبوونی نییە و چی دیکە بردنی ملیارەها دۆلاری خەڵک بۆیان ئاسان نابێت.»
لە لایەکی دیکەوە، ئەم وتارەی عەلی حەمەساڵح کاردانەوەی جیاوازی لەناو هاوڵاتییان و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتۆتەوە؛
بەشێک لە هاوڵاتییان لە کۆمێنتەکانیاندا بڕوایان وایە کە کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا دەسەڵاتی کوردی لاواز دەکات و دەرفەت بۆ باشتربوونی گوزەرانی خەڵک دەڕەخسێنێت، بە جۆرێک هاوڵاتییەک نوسیویەتی:
«بە کشانەوەی ئەمریکا زەلیل بوون، هەر خۆپیشاندانێک بکرێت زیندەقیان دەچێت»
هاوڵاتییەکی دیکەش ئاماژەی بەوە کردووە:
«کشانەوەی ئەمریکا دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ میڵەت.»
لە بەرامبەردا، بەشێک لە چاودێران و هاوڵاتییان سەرنجی جیاوازیان لەسەر ئەم قسانە هەیە و ئاماژە بەوە دەکەن؛
ئەگەر هۆکاری سەرەکیی کەڵەکەبوونی قەیرانەکان و فشاری سەر خەڵک پاڵپشتییەکانی پێشووی ئەمریکا بووبێت، ئەوا هاوڵاتیانی هەرێم مافی خۆیانە بۆ خۆشگوزەرانیەکی باشترو چاکسازی و گۆڕانکارییەک ئاهەنگ بگێڕن بۆ کشانەوەی هێزە دەرەکییەکانەوە لە تەواوی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە.