سەجاد حەیدەر خان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاکستان، ئێوارەی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کاردانەوە بە سزاکانی ئەمریکا، وتی: "پاکستان پابەندبوونی خۆی بەو سیستمەی لەسەر بنەمای یاسا، فرەلایەنی (multilateralism) و یاسا نێودەوڵەتییەکان دامەزراوە، دووپات دەکاتەوە."

وەک ڕۆژنامەی "داون"-ی پاکستانی بڵاویکردووەتەوە، وتەبێژەکە جەختی کردەوە کە پاکستان وەک وڵاتێکی نێوەندگیر لە هەردوو لایەنی ئێران و ئەمریکا دەخوازێت خۆگر بن و داوایان لێ دەکات پەنا بۆ دیپلۆماسی بەرن و پابەندی ئەو تێگەیشتننامەیە بن کە لەنێوانیاندا هەیە. ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد کە چارەسەری دیپلۆماسییانەی ململانێکان لە ناوچەکە، لە بەرژەوەندیی ئاشتی و ئاسایشی جیهانیدایە و ئیسلامئاباد پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەموو لایەنەکان بەردەوام دەکات.

سەبارەت بە هەوڵەکانی نێوەندگیریی پاکستان، سەجاد حەیدەر خان وتی: "ئیسلامئاباد ئاگاداری ئەو ٧ مەرجەی لایەنی ئێرانییە و پێمان وایە ئەو مەرجانە پێشتر لە تێگەیشتننامەی ئیسلامئاباددا ڕەچاو کراون، بۆیە دیپلۆماسی بۆ گەڕانەوەی هەردوو لا بۆ ئەو ڕێککەوتنە پێویستە بەردەوام بێت."

ناوبراو ڕاشیگەیاند کە تێگەیشتننامەی ئیسلامئاباد، کە لە ١٧ی حوزەیران واژۆ کرا، ئەو بۆشاییە پێویستە دەڕەخسێنێت تا لایەنەکان دانوستانەکان پێش ببەن، پاکستان پێشوازی لە هەر جۆرە کرانەوەیەک لە دانوستانەکانی ئێران و ئەمریکا دەکات.

شایانی باسە، بەپێی بەندی پێنجەمی ئەو تێگەیشتننامەیە، ئێران پابەند بوو بە ئامادەکردنی ڕێوشوێنی پێویست بۆ هاتووچۆی ئارامی کەشتییەکان. بەڵام هەنگاوە تاکلایەنەکانی ئەمریکا، لەوانە پێشێلکردنی ڕێککەوتنەکان بۆ هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز و هەنگاوی سەربازی، بووە هۆی پەکخستنی جێبەجێکردنی تێگەیشتننامەکە؛ بەجۆرێک ئەمریکا لە جیاتی بەکارهێنانی میکانیزمی چارەسەری ناکۆکییەکان کە لە تێگەیشتننامەکەدا پێشبینی کرابوو، پەنای بۆ دەستدرێژیی سەربازی برد.