دڵشاد ئەنوەر جەختی لەوە کردەوە کە پاراستنی ئاسایش لە ڕێگەی بازگەی ناوخۆییەوە لە جیهاندا سەردەمی بەسەرچووە و تەنها لە وڵاتە دواکەوتوو و تەقلیدییەکاندا ماوە.

ناوبراو ئاماژەی بە ئەزموونی وڵاتانی دراوسێ کرد و وتی: "کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ ئەوەی لەلایەن زۆربەی وڵاتانی جیهانەوە نەیاریەتی دەکرێت، بەڵام تەنها بازگەکانی دەروازە و سنوورەکانی توندوتۆڵ کردووە و لە ناوەوەی وڵاتەکەیدا کەمترین بازگەی هەیە، بە بێ ئەوەی ڕووبەر و ژمارەی دانیشتووانی لەگەڵ هەرێم بەراورد بکرێت.

 ئەسڵ لە کاری ئەمنیدا توندوتۆڵکردنی سنوورەکان و بەهێزکردنی بواری هەواڵگیرییە، نەک چاندنی بازگەی ناپێویست."

​دەربارەی ئەوەی بۆچی ئەو بازگانە ببوونە بارگرانی، ئەم ڕۆژنامەنووسە بۆ جام کوردی ڕوونی کردەوە: "دەمێک بوو پێشنیازی لابردنیان دەکرا، چونکە ئاستەنگی گەورەیان بۆ هاتووچۆی خەڵک دروست دەکرد و دەبوونە هۆی قەرەباڵغییەکی زۆر؛ بۆ نموونە" لە وەرزی بەهار و سەیراندا بە هەزاران ئۆتۆمبێل لەو بازگانەدا پەکیا دەکەوت." زۆرجاریش هاوڵاتییان بەهۆی ناپێویستییانەوە ناویان نابوون بازگەی «سەلاموعەلەیک»، وەکو بازگەکانی نێوان (کەلار-بەرلوت یان کەلار-کفری) کە دەکەونە قووڵایی هەرێمەوە و زۆربەی بەکارهێنەرانیان خەڵکی ناوچەکەن.

​لە کۆتایی لێدوانەکەیدا بۆ جام کوردی، دڵشاد ئەنوەر ئاماژەی بە کەشوهەوای بێ‌‌متمانەیی لە هەرێمی کوردستان کرد و وتی: "جێی سەرنجە لەم هەرێمەدا قسە لەسەر هەموو بابەتێک دەکرێت، تەنانەت ئەگەر لە چوارچێوەی پسپۆڕی کەسەکانیشدا نەبێت. بەهۆی باڵکێشانی بێ‌متمانەیی، بۆ هەر هەنگاوێک کە دەنرێت لێکدانەوەی جۆراوجۆر دروست دەبێت، لە کاتێکدا هەڵگرتنی ئەم بازگانە هەنگاوێکی ئەرێنی و پێویست بوو."