جام کوردی: لەو ڕۆژانەدا کە هەندێک لە میدیاکان و کەسایەتییە سیاسییەکانی دەرەوەی ئێران باس لە «چەکدارکردنی خەڵکی ئێران» دەکەن، ڕەنگە خراپ نەبێت پرسیارێکی سادەیان لێ بکرێت: ئایا مێژووی ئەم وڵاتەتان خوێندووەتەوە؟

لە یەکێک لە ڕاپۆرتەکانی "ئێران ئینتەرناشناڵ"یشدا، بابەتی چەکدارکردنی خەڵکی ئێران خراوەتە ڕوو؛ ئایدیاک کە لە ساڵانی ڕابردوودا لەلایەن هەندێک کەسایەتی سیاسی و میدیایی دەرەوەی وڵاتەوە دووبارە کراوەتەوە.

بەڵام وەڵامی خەڵکی ئێران بۆ ئەم جۆرە نوسخانە دەکرێت لە مێژووی هاوچەرخی هەر ئەم خاکەدا بەدوایدا بگەڕێین.

خەڵکی ئێران بە درێژایی هەشت ساڵی جەنگی ئێران و عێراق، لە باکوورەوە تا باشوور و لە ڕۆژهەڵاتەوە تا ڕۆژئاوا، لە بەرامبەر دەستدرێژیی دەرەکیدا ڕاوەستان. نەتەوە و هۆزە جیاوازەکانی ئێران، سەرەڕای جیاوازییە زمانی، فەرهەنگی و جوگرافییەکان، لە بەرگریکردن لە خاکی خۆیاندا تەنیشت یەکتر وەستان.

کرماشان، گیلانغەرب، قەسری شیرین، خوڕەمشەهر، ئابادان، سوسەنگەرد و زۆرێک لە شار و گوندەکانی ئێران، تەنها ناوێک لەسەر نەخشە نین؛ هەر کامیان بەشێکن لە بیرەوەری مێژوویی بەرخۆدانی خەڵکی ئێران.

لە گیلانغەرب، گێڕانەوەی "فەرەنگیس حەیدەردووست" (فەرەنگیس حەیدەروور) هێشتا یەکێکە لە هێماکانی بەرخۆدانی خەڵکی ئاسایی لە ڕۆژانی سەرەتای جەنگدا؛ ژنێکی کورد لە ناوچەی گیلانغەرب کە لە ڕەوتی هێرشی هێزەکانی عێراقدا، بە تەورێکەوە بەرەنگاری هێزەکانی دوژمن بووەوە و بەپێی ئەو گێڕانەوانەی بڵاوکراونەتەوە، هێزێکی عێراقی کوشتووە و ئەوەی دیکەشی بە دیل گرتووە.

ئەم چیرۆکە تەنها چیرۆکی ژنێک نییە؛ چیرۆکی ئەو خەڵکەیە کە کاتێک جەنگ گەیشتە ماڵ و گوندەکانیان، چاوەڕوانی نوسخەنووسینی میدیا بیانییەکان نەمان.

خەڵکی ئێران لەو هەشت ساڵەدا، بە ئیمکانیاتێکەوە کە زۆر لە ئەمڕۆ جیاواز بوو، تێچوویەکی قورسیان بۆ بەرگریکردن لە خاکی خۆیان دا. ژنان و پیاوان، گوندنشینان و شارنشینان، کۆچەران و نەتەوە جیاوازەکان، هەر کامیان بە شێوازێک ڕۆڵیان لە بەرگریکردن لە وڵاتدا هەبوو.

بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ میدیایەک لە دەرەوەی سنوورەکان وای بۆ دەچێت کە بە چەند ڕستەیەک سەبارەت بە «چەکدارکردنی خەڵکی ئێران» دەتوانێت نوسخە بۆ کۆمەڵگەی ئێران بنووسێت، ڕەنگە پێویست بێت جارێکی دیکە چاوێک بە مێژووی ئەم وڵاتەدا بخشێنێتەوە.

خەڵکی ئێران پێویستیان بەوە نییە کەسێک لە هەزاران کیلۆمەتر دوورترەوە پێیان بڵێت چۆن بەرگری لە خاکەکەیان بکەن.

ئێران خەڵکێکی هەیە کە ئەزموونی جەنگیان بە گوشت و پێستی خۆیان هەست پێ کردووە؛ ئەو خەڵکەی کە دەستدرێژیی دەرەکییان لە بیر نەچووەتەوە و دەزانن بەرگریکردن لە ماڵ و خاک، بابەتێک نییە کە کەناڵێکی تەلەفزیۆنی لە لەندەن یان هەر پایتەختێکی دیکە بڕیاری بۆ بدات.

وەڵامی خەڵکی ئێران بۆ هەر دەستدرێژیکارێک، لە پلەی یەکەمدا، وەڵامی نەتەوەیەکە؛ نەتەوەیەکی فرەچەشن، بە نەتەوە و فەرهەنگە جۆراوجۆرەکانەوە، بەڵام بە خاکێکی هاوبەشەوە.

ڕەنگە هەر ئەم ڕاستییە، ڕوونترین وەڵام بێت بۆ ئەوانەی کە لە دەرەوەی ئێرانەوە بۆ خەڵکی ئێران نوسخە دەپێچن:
ئێران لە پشتی مێزی میدیاییەکانەوە ناناسرێت؛ ئێران دەبێت لە مێژووی گیلانغەرب، لە بەرخۆدانی خوڕەمشەهر، لە گوندە سنوورییەکان و لە بیرەوەری ئەو خەڵکەدا ببینرێت کە ڕۆژانی سەختی جەنگیان ژیاوە.

مێژوو سەلماندوویەتی کە خەڵکی ئێران لە بەرامبەر دەستدرێژیدا، چاوەڕوانی بانگهێشتی کەسانی دیکە نەبوون؛ خۆیان ڕاوەستاون.

ئەمە، وەڵامی مێژووی ئێرانە بۆ نوسخە میدیاییەکانی ئەمڕۆ.