​ئەم دڵەڕاوکێ ناوخۆییە بەتایبەت دوای زنجیرەیەک ڕاگەیەندراوی دوا بە دوای هاوبەش و تاكەکەسایەتییە سیاسییەکانی هەرێم زیاتر بەرچاو کەوت، بەتایبەتی داواکاری و جەختکردنەوە بەردەوامەکانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر پاراستنی قەوارەی هەرێم. ئەم ئاڕاستە میدیایی و ڕاگەیەندراوانە لای جەماوەر ئەو پرسیارەی دروستکردووە کە ئایا هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چ جۆرە مەترسی و ئاڵەنگارییەکی جدی بووەتەوە؟

​لە ڕوانگەی شیکارییە سیاسییەکانەوە، ناوچەکە بەگشتی لەناو بارودۆخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت کە تێیدا ململانێی هێزە هەرێمییەکان و ئەمریکا ئامادەیی هەیە. لەم ناوەندەدا، هاوکێشە ناوخۆییەکانی عێراق و هەرێم بەم جۆرە دابەش بوون:

​کورد: نیگەرانی لە ئایندەی ڕێکخستنی دەسەڵات و سەقامگیریی هەرێم هەیە، بەتایبەت لە سایەی نەبوونی گەرەنتی و ستراتیژێکی روون دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا.

​پێکهاتەی شیعی: لە ژێر گوشارە جۆراوجۆرەکانی ئەمریکادان و هەوڵی کۆنترۆڵکردنی ناوخۆ و ڕاگرتنی هاوسەنگیی سیاسی دەدەن.

​پێکهاتەی سوننی: بە حەزەر و هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ پێشهاتەکان دەکەن بۆ ئەوەی دوور بن لە دووبارەبوونەوەی هەڵە و ئاڵۆزییەکانی ڕابردوو.

​لە ئاستی ناوخۆیی هەرێمی کوردستاندا، جیاوازی لە هەڵوێست و کاردانەوەی لایەنە سەرەکییەکاندا دەبینرێت؛ لە کاتێکدا پارتی دیموکراتی کوردستان جۆرێک لە نیگەرانیی قووڵ بەرامبەر ناڕوونیی قۆناغی دوای کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا پێوە دیارە کە بەبێ هێشتنەوەی هیچ ژێرخان یان ئامرازێکی پاراستن لە ناوچەکەدا کشاونەتەوە—لایەنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جۆرێک لە بێدەنگی و چاودێریکردنی وردی بۆ ڕەوت و ئاڕاستەی رووداوەکان هەڵبژاردووە.

​شێوازی کشانەوەی ئەمریکییەکان و دروستبوونی جۆرێک لە ساردوسڕی لە پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ هەندێک لایەنی هەرێم، هۆکارەکەی بۆ گومان و ناڕوونی لە ئاڕاستەی سیاسەتی دەرەوەی ئەم هێزانە دەگەڕێندرێتەوە.

لە لایەکی ترەوە، لایەنە ناوچەییەکان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە پێویستە هەرێمی کوردستان وەک بەشێک لە هاوکێشەی ئەمنیی عێراق کار بکات و نەبێتە سەکۆیەک بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە.

​ئەم دۆخە لە کاتێکدایە کە بەغداش بەرەوڕووی ئاڵەنگاریی ناوخۆیی بووەتەوە؛ لەلایەک هەوڵەکان بۆ ڕێکخستنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا بەرەوڕووی ئاڵۆزی بوونەتەوە،

لەلایەکی ترەوە حکومەتی عێراق لە سزاکانی ئەمریکا دەترسێت.

​بەپێی کۆتا هەڵسەنگاندنەکان، ناوچەکە بە قۆناغێکی حەرەجدا تێدەپەڕێت کە تێیدا سەرجەم پێکهاتە سیاسییەکانی عێراق—کورد، شیعه و سوننە—لە هەوڵی پاراستنی پێگە و دەسەڵاتی خۆیاندا، نیگەرانن لە ئەجێندا و دەستوەردانە دەرەکییەکان و کاریگەرییان لەسەر داڕژانی دووبارەی نه‌خشەی سیاسیی ناوچەکە.