بۆ ئاسانکاری و کەمکردنەوەی ڕۆتین، مامەڵەی شوێنی نیشتەجێبوون و گواستنەوەی ماڵ لە فەرمانگەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ سیستەمێکی دیجیتاڵی. لەمەودوا هاووڵاتیان بۆ گۆڕینی شوێنی نیشتەجێبوون لە گەڕەکێکەوە بۆ گەڕەکێکی دیکە یان لە شارێکەوە بۆ شارێکی دیکە، پێویستیان بە سەردانی فەرمانگەکان نابێت.وەزارەتی ناوخۆی عێراق سەرەتا پرۆسەکە جێبەجێ دەکات و کارتی نیشتەجێبوون لەگەڵ کارتی نیشتمانی یەکدەخرێن. دواتر هاووڵاتیان دەتوانن لە ماڵەوە و بە مۆبایل یان لاپتۆپ زانیارییەکانیان نوێ بکەنەوە و زانیاریی نوێکراوەکە بە شێوەی ئۆتۆماتیکی لەسەر کارتی نیشتمانی تۆمار دەبێت.لە هەرێمی کوردستانیش داوا کراوە ئەم سیستەمە جێبەجێ بکرێت، بەڵام وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دەڵێت ئامادەی دیجیتاڵیکردنی زانیارییەکانی نیشتەجێبوونە و دەیەوێت سیستەمێکی تایبەت بە هەرێم هەبێت. بەپێی ئەم ڕوانگەیە، بنکە و فەرمانگەکانی کارتی زانیاری دەمێننەوە و کارکردن بە کارتەکەش بەردەوام دەبێت.بڕیارە وەزارەتی ناوخۆی عێراق ماڵپەڕێکی تایبەت بۆ ئەم مەبەستە کارا بکات و دوای دەستپێکردنی سیستەمەکە، نووسینگەکانی کارتی نیشتەجێبوون لە عێراق دادەخرێن و کارتی نیشتمانی بۆ ئەنجامدانی مامەڵەکان بەس دەبێت.
مامەڵەی نیشتەجێبوون لە کوردستان دەبێتە دیجیتاڵی
جام کوردی - حکومەتی عێراق بڕیارێکی نوێی دەرکردووە کە تەواوی هاووڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە، بەپێی بڕیارەکە مامەڵەی نیشتەجێبوون دەبێتە دیجیتاڵی و زانیارییەکان ڕاستەوخۆ دەخرێنە سەر کارتی نیشتمانی.
October 02, 2026