پرۆسەی چاکسازی و نۆژەنکردنەوەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە چەمچەماڵ لە دوێنێ هەینییەوە دەستی پێکردووە و بڕیارە نزیکەی مانگێک بەردەوام بێت. بەهۆی ئەم کارەوە، نرخی غازی LPG لە بازاڕی هەرێمی کوردستان بەرزبۆتەوە؛ بوتڵێکی غازی بازرگانی لە هەولێر ١٣ هەزار، دهۆک ١٢ هەزار، سلێمانی ١٥ هەزار و هەڵەبجە ١٦ هەزار دینارە، لە کاتێکدا پێشتر نرخی بوتڵێک لە نێوان ٩ تا ١٠ هەزار دینار بوو.نرخی غازی ئۆتۆمبێلیش بەرزبۆتەوە و لە هەولێر بۆ ٧٥٠ دینار بۆ هەر لیترێک گەیشتووە، لە دهۆک ٧٠٠، سلێمانی ٦٥٠ و هەڵەبجە ٧٥٠ دینارە؛ لە هەولێر پێشتر ٥٠٠ دینار بوو.بەرپرسانی نەوت و سامانە سروشتییەکان لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک دڵنیایی دەدەن کە بڕی پێویستی غازی حکومی کۆگاکراوە و نۆژەنکردنەوەی کۆرمۆر کاریگەری لەسەر دابینکردنی غازی ماڵان نابێت. بەپێی ئەوان، دابەشکردنی غازی حکومی بە نرخی ٨ هەزار و ٥٠٠ تا ٩ هەزار دینار بەردەوام دەبێت و هیچ قەیرانێکی غاز چاوەڕوان ناکرێت.