دەقی ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداران بەم شێوەیەیە:
بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان
١ی تشرینی یەکەم (١٠ی میهر)، یادخەرەوەی حەماسەی مێژوویی و نەمر «ئۆپەراسیۆنی بەڵێنی ڕاستی ٢» و پەلامارە مێژوویی و پڕشانازییەکەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییە لە ساڵی ٢٠٢٤ (١٤٠٣). ئەو ئۆپەراسیۆنەی کە تێیدا ئێرانی بەهێز لە وەڵامی شەهیدکردنی فەرماندە و ڕێبەرانی بەرەی مقاوەمە؛ ئیسماعیل هەنییە، سەید حەسەن نەسروڵڵا و لیوا عەباس نیلفرۆشان، خاکی داگیرکراوی بە ئاگری مووشەک و درۆنە وردپێکەکانی پێکاو لەناو شکان و ڕووخانی بێبایەخیی جیهانیی نیشان دا.
«بەڵێنی ڕاستی ٢» تەنیا سزایەکی توند نەبوو بۆ وەڵامدانەوەی دەستدرێژی و تاوانەکانی دوژمن لە بێدەنگیی مەرگباری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا، بەڵکوو پەیامێکی ڕوون بوو بۆ دوژمنانی گەلی بەشەرەف و مەزنی ئێران، بەتایبەت ڕژێمی پیس و گورگسفەت کە: «سەردەمی مەترسیی بێباج کۆتایی هاتووە و هەر دەستدرێژییەک وەڵامێکی پەشیمانکەرەوە و بەئازاری بەدوادا دەبێت.»
ئەم ئۆپەراسیۆنە ستراتیژییە بە ڕێنوێنی و تەگبیری فەریق محەممەد باقری، «هێمای عەقڵانییەت و داڕێژەری هاوسەنگیی بەرپەرچدانەوە»، فەرماندەییی بوێرانە و ئیلهامبەخشی فەریق حوسێن سەلامی، «ئاڵاهەڵگری مەیدان و پێشەنگی دەسەڵاتی شۆڕش و وتاری مقاوەمە» و هەروەها بلیمەتیی تەکنیکی و ڕۆحی جیهادیی فەرماندەی ڕەشید لیوا مەحموود باقری، دەسەڵاتی مووشەکیی ئێرانی بە سەرجەم شاکارەکانیەوە کێشایە ڕووی دوژمنی زایۆنی و پشتیوانەکانی، بەتایبەت دەسەڵاتدارانی تاوانباری کۆشکی سپی.
وێڕای بەرزڕاگرتنی یاد، ناو و حەماسەئافرێنیی شەهیدانی بەرەی مقاوەمە و سەروەریی ئێرانی ئیسلامی، بەتایبەت ئیمامی شەهیدی ئوممەت، ئایەتوڵڵای مەزن سەید عەلی خامنەیی (اعلیالله مقامه الشریف)، دەسەڵاتی پڕسەرسوڕمانی سوپای بەهێزی گەلی و شۆڕشگێڕ شانبەشانی هێزە چەکدارەکانی دیکە جارێکی تر شکستی بە پلانەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانە زایۆنییەکەی هێنا. ئەمەش وتەی مێژوویی و نەمرەکەی ئیمام خومەینیی کۆچکردووی بە شێوەیەکی بەرجەستە لە مەیداندا تەفسیر کرد کە فەرمووی: «ئەگەر سوپا نەبووایە، وڵاتیش نەدەبوو»؛ ئەمڕۆش ئەم دامەزراوە خزمەتگوزارەی گەل و پارێزەری نیشتمان، لە ڕوانگەی دۆست و دوژمنەوە بووەتە کۆڵەکەی سەرەکیی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی.
لە کۆتاییدا دڵنیایی دەدەین بە گەلی بەشەرەف، قارەمان و مێژووسازی ئێران و گەلانی پشتیوانی مقاوەمە لە ناوچەکەدا، کە سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامی لە سایەی دەستگرتن بە میراتی فیکری و عەمەلیی ئیمامانی مەزن و شەهیدی شۆڕش، و بە پەیڕەویکردن لە ڕێنوێنییە ژیرانەکانی ڕێبەری مەزنی شۆڕشی ئیسلامی و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان، حەزرەتی ئایەتوڵڵا ئیمام سەید موجتەبا حسێنی خامنەیی (مدّ ظله العالی)، بە چاوکراوەیی و زاڵبوون بەسەر سەرجەم جموجووڵە هەواڵگرییەکان و ناوچە گوماناوییەکانی ئامادەبوونی دوژمنی ئەمریکی-زایۆنی، پەنجەی لەسەر پەلپشکە (دەست لەسەر ماشە) و لە ئامادەباشیی تەواودایە بۆ وەڵامدانەوەیەکی یەکلاکەرەوە، دەستبەجێ، پڕئازار، پەشیمانکەرەوە و کوشندەتر لە ئۆپەراسیۆنی «بەڵێنی ڕاستی ٢» بەرامبەر بە هەر هەڕەشە، دەستدرێژی یان هەڵەیەکی حیساباتیی چاوەڕوانکراوی بەرەی شەیتانی گەورە و داردەستە ناوچەییە بێنرخەکانیان.