جام کوردی - ئارارات میرزۆیان، وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان لە دیدارەکەی لەگەڵ محەمەدباقر قاڵیباف، سەرۆکی مەجلیسی ئێران، پەیوەندییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ تارانی بە «ستراتیژی» ناوبرد و جەختی کردەوە کە هاوکارییە بەردەوامەکانی نێوان هەردوو حکوومەت، ئەم پەیوەندییانە بەرەو قووڵتربوون دەبات.
میرزۆیان لەم دیدارەدا وتی: «دۆستایەتییە ڕاستەقینەکان و پەیوەندییە بەردەوامەکان لەناو کێشە و تەنگانەکاندا دەردەکەون؛ لە ڕاستیدا ئەو دۆستایەتییەی لە ڕۆژە سەختەکاندا دروست دەبێت، پایەکانی پەیوەندی نێوان وڵاتان بەهێزتر و پتەوتر دەکات.»
وەزیری دەرەوەی ئەرمەنستان سەبارەت بە هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکان وتی: «وڵاتانی ناوچەکە خاوەن توانا و دەرفەتی بێوێنەن لە بوارەکانی گواستنەوە، وزە و ژێرخانەکان؛ بۆیە پێویستە هاوکارییەکانمان لەم بوارانەدا فراوانتر بکەین. ئێستا ئەرمەنستان بە جددی هەوڵ دەدات هێڵە مواسەڵاتییەکانی خۆی لەگەڵ دراوسێکانی پەرە پێ بدات.»
میرزۆیان لە بەشێکی گرنگی قسەکانیدا و وەڵامدانەوەی هەندێک گومان، بە توندی جەختی کردەوە: «ئەرمەنستان ڕێگە نادات خاکی وڵاتەکەی بۆ هەر جۆرە چالاکییەک دژی کۆماری ئیسلامیی ئێران بەکار بهێندرێت.»
ناوبراو هەروەها وێڕای پێزانین بۆ هەڵوێستەکانی تاران، ئاماژەی بەوە کرد کە پێداگریی کۆماری ئیسلامیی ئێران لەسەر بنەمای «نەگۆڕبوونی سنوورەکانی وڵاتانی ناوچەکە»، بۆ ئەرمەنستان بابەتێکی زۆر گرنگ و چارەنووسسازە.