بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNDP) لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاند کە ژمارەی ئەو کەسانەی لە سەرتاسەری جیهاندا لەژێر هێڵی هەژاریی توند و ڕەهادا دەژین، بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی ۲۰۱۰ـەوە بەرزبوونەوەی بەخۆیەوە بینیوە و گەیشتووەتە ۱.۲ ملیار کەس.

بەپێی پێنوێنی نوێکراوەی "هەژاریی فرەڕەهەندی جیهانیی ۲۰۲۶"، کە بە هاوبەشی لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوەندی توێژینەوەی گەشەپێدانی مرۆیی زانکۆی ئۆکسفۆردەوە ئامادە کراوە، ئەم ئامارە بەراورد بە ڕاپۆرتی پێشوو ٥۱.٥ ملیۆن کەسی زیادی کردووە. داتاکان دەریدەخەن کە زیاتر لە نیوەی ئەم هەژارانە—واتە ٦۱۷ ملیۆن کەس—منداڵن و %۸۳ـی ئەو کەسانەش کە لە هەژاریی ڕەهادان، دانیشتووی ناوچە گوندنشینەکانن.

لە بەشێکی دیکەی ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە گەشەی خێرای دانیشتووان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی ئەم ژمارەیە؛ بە جۆرێک لە هەندێک وڵاتی وەک ئەنگۆلا و زامبیا، ڕێژەی دانیشتووانی هەژار کەم بووەتەوە بەڵام خێرایی زیادبوونی دانیشتووان زاڵ بووە بەسەر ئاستی کەمبوونەوەی هەژاریدا و ژمارەی گشتیی بەرز کردووەتەوە. سەرەڕای ئەم دۆخە، لە کۆی ۸۹ وڵاتی دیاریکراو، ۳۰ وڵات بەتایبەت چین، ڤێتنام، میسر و نیپاڵ توانیویانە لە کەمتر لە ۱٥ ساڵدا ڕێژەی هەژاری بۆ نیوە کەم بکەنەوە.