جام کوردی - لە جیهانی ئەمڕۆدا، هەمووان حەز دەکەن خاوەنی لەشولارێکی ڕێک و کێشێکی گونجاو بن و لە بۆنە و ئاهەنگەکاندا شیک و چاوڕاکێش دەربکەون. پاراستنی کێشی گونجاو، خەم و خولیایەکە کە بیری زۆر کەسی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە. ئەم ئارەزووە هیچ سنوورێکی تەمەنی ناناسێت؛ لە مێرمنداڵێکی تەمەن ١٥ ساڵەوە تا ژن یان پیاوێکی ٨٠ ساڵ، هەمووان هەوڵ دەدەن لەشولاریان ڕێک بێت، چونکە کێشی گونجاو کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر تەندروستیی گشتی هەیە.
باشترین ڕێگە بۆ بەدەستهێنانی کێشێکی نموونەیی، وەرزشکردن و هاوکات پێڕەوکردنی سیستمی خۆراکیی تەندروستە. ئەگەر تۆش لەو کەسانەی کە کەمێک لە وەرزشکردن تەمبەڵی دەکەیت، کەواتە باشترین ڕێگە بۆ تۆ، پاراستنی ڕژێمی خۆراکییە؛ چونکە بە ئاسانی و بە خواردنی ژەمی تەندروست، دەتوانیت جەستەیەکی بەهێزت هەبێت و پێویستیت بە هیچ حەب و دەرمانێکی کیمیایی بۆ دابەزاندنی کێش نابێت.
ڕاوێژکارانی بواری خۆراک پێشنیار دەکەن کە لە نێوان ژەمەکاندا، بڕێک چەرەسات بخورێت. ڕەنگە سەرەتا بە بیستنی ئەم قسەیە سەرتان سوڕ بمێنێت و بڵێن چەرەسات چەوری و کالۆریی زۆرە، کەواتە دەبێتە هۆی قەڵەوی! بەڵام هەموو چەرەساتێک نابێتە هۆی قەڵەوی و هاوکات هەموو چەرەساتێکیش بۆ دابەزاندنی کێش دەست نادات؛ گرنگ ئەوەیە بزانین کام جۆرانە سوودیان هەیە.
فستق عەبید (بادام زەمینی)، گوێز، باوی (بادامی درەختی)، فستق، فندق، عەناب و هەنجیر لەو چەرەساتانەن کە لە دابەزاندنی کێشدا یارمەتیدەرن. ئەم چەرەساتانە بەهۆی ئەوەی کالۆریی پێویستیان تێدایە، کاتێک بڕێکی کەمیان لێ دەخۆیت، بۆ ماوەیەکی درێژ بە تێری دەتهێڵنەوە؛ بە واتایەکی تر، ئارەزووی خواردن (ئیشتها) دادەمرکێننەوە و ڕێگری لە زۆرخۆری دەکەن.
لە درێژەدا تیشک دەخەینە سەر گرنگترینی ئەم چەرەساتانە:
١. فستق عەبید (بادام زەمینی):
فستق عەبید یەکێکە لەو چەرەساتانەی دەبێتە هۆی لاوازبوون، چونکە بڕێکی زۆر پرۆتین و کاربۆهیدراتی تێدایە. بەهۆی دەوڵەمەندیی بە پرۆتین، خواردنی بڕێکی کەم لێی، وا دەکات درەنگتر هەست بە برسییەتی بکەیت. هەروەها یارمەتیی دابەزاندنی کۆلیسترۆڵ دەدات و تەندروستیت دەپارێزێت.
٢. گوێز:
ڕەنگە تا ئێستا وا بیرتان کردبێتەوە کە گوێز بەهۆی بەرزیی رێژەی چەورییەکەیەوە دەبێتە هۆی قەڵەوی، بەڵام جێگەی سەرنجە کە گوێز نەک هەر بۆ لاوازبوون بەسوودە، بەڵکوو یارمەتیی تەندروستیی دڵ دەدات و مەترسیی نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار کەمدەکاتەوە. جگە لەوەش، سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی ئۆمێگا ٣، پرۆتین، ڤیتامینەکانی (A و D) و چەورییە بەسوودەکانە. بۆیە ئەگەر لە ترسی قەڵەوی گوێزتان نەدەخوارد، دەتوانن ڕۆژانە بڕێکی دیاریکراوی لێ بخۆن، چونکە چەورییە ناتەندروستەکانی چەرەسات لە لەشدا نامێننەوە و زوو فڕێ دەدرێنە دەرەوە.
٣. باوی (بادامی درەختی):
بەپێی توێژینەوە زانستییەکان، باوی وەک باشترین چەرەسات بۆ سووتاندنی چەوری ناسێنراوە، چونکە سەرچاوەیەکی دەوڵەمەندی دژەئۆکسانەکانە (Antioxidants) کە ڕۆڵێکی بەرچاو لە دابەزاندنی کێش و لەناوبردنی ڕادیکاڵە ئازادەکاندا دەگێڕن. ئەگەر ڕۆژانە بڕێک باوی وەک ژەمی سووک (میانوەعدە) بخۆن، دوای دوو مانگ گۆڕانکاریی بەرچاو لە کەمبوونەوەی چەوریی ورگدا دەبینن.
٤. فستق:
فستق یەکێکە لە کەمکالۆریترین چەرەساتەکان کە ڕێژەی چەوریی کەمە. خواردنی ڕۆژانەی چەند دەنکە فستقێک یارمەتیی دابەزاندنی ترایگلیسێرید (چەوریی زیانبەخشی خوێن) دەدات. فستق باشترین جێگرەوەیە بۆ ژەمە سووکە ناتەندروست و چەورەکان.
٥. فندق:
فندق بڕێکی زۆر ڕیشاڵ (فایبەر)، کاربۆهیدرات و پرۆتینی تێدایە، هەر بۆیە دوای خواردنی، تا چەند کاتژمێر هەست بە برسییەتی ناکەیت. هەروەها دەوڵەمەندە بە چەورییە ناتێرە بەسوودەکان. ناوکە فندق بە دابینکردنی ڤیتامین و پێداویستییەکانی لەش، ئارەزووی خواردن کەمدەکاتەوە و لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی دابەزاندنی کێش.
٦. عەناب:
عەناب یەکێک لە میوە دەرمانییە پڕبەکارهێنراوەکانی پزیشکیی کۆنی چینییە. ئەم میوەیە کە لە ڕیزی چەرەسات و وشکەباردا پۆلێن دەکرێت، یەکێکە لە باشترینەکان بۆ دابەزاندنی کێش. هاوکات عەناب تایبەتمەندیی ناوازەی هەیە بۆ پێشگرتن لە نەخۆشیی شەکرە و بەکارهێنانی بەردەوامی، مەترسیی ئەم نەخۆشییە دوور دەخاتەوە.
٧. هەنجیر (وشککراوە):
هەنجیر یەکێکە لە میوە بەتام و پڕسوودەکان کە جێگەیەکی تایبەتی لە لیستی وشکەبار و چەرەساتی ئێمەدا هەیە. هەنجیر پڕە لە ڕیشاڵ (فایبەر) کە هەستی تێربوونت پێ دەبەخشێت و ڕێگری لە زۆرخۆری دەکات. هەروەها یارمەتیی خێراتربوونی مێتابۆلیزم و میتابۆلیزمی لەش دەدات و دەتوانێت بژاردەیەکی زۆر کاریگەر بێت بۆ کەمکردنەوەی کێش و ڕێکخستنی لەشولار.