جام کوردی - وا دیارە هەڵمەتەکەی چین بۆ برەودان بە بەکارهێنانی دراوی یوان لەسەر ئاستی جیهان لە خێراتربووندایە؛ بەو پێیەی بەرپرسانی ئەو وڵاتە هەوڵ دەدەن سیستەمێکی داراییی هەمەلایەنە بۆ ئەم دراوە دروست بکەن کە تەنیا لە بازنەی مامەڵە بازرگانییەکاندا قەتیس نەمێنێتەوە.
بەپێی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی «بلومبێرگ»، پەکین سەرنجی خستووەتە سەر پەرەپێدانی
ئەو ژێرخانەی کە بۆ بەرفراوانکردنی بەکارهێنانی یوان لە دابینکردنی دارایی، وەبەرهێنانی
جیهانی و بەهێزکردنی پێگەکەی وەک دراوی یەدەگ پێویستە. ئەم هەوڵانە بریتیین لە
فراوانکردنی جۆراوجۆریی کەرەستە دارایییەکان لەوانە داتاشراوە دارایییەکان (Derivatives)، ئامرازەکانی کۆنترۆڵکردنی
مەترسی
(Hedging) و هاوکات
ئاسانکاری بۆ قەرزوەرگران بە مەبەستی دەرکردنی بۆند و پەڕاوی قەرز.
ئاستەنگی بەردەم چین چیتر تەنیا قایلکردنی هاوبەشە بازرگانییەکانی نییە
بۆ ئەوەی مامەڵەکانیان بە یوان یەکلایی بکەنەوە؛ بەڵکوو دەبێت دڵنیا بێت لەوەی کە
ئەم دراوە نەختینەی پێویست، کەناڵی دارایی، بەرهەمی وەبەرهێنان و یەدەگی پێویستی هەیە
تا بتوانێت ڕۆڵێکی گەورەتر لە سەرمایەگوزاری و جووڵەی داراییی جیهانیدا بگێڕێت.
ئاژانسی بلومبێرگ لە ڕاپۆرتەکەیدا تیشکی خستووەتە سەر ئەو چوار بوارە
سەرەکییەی کە پەکین تێیاندا هەنگاو بەرەو بەنێودەوڵەتیکردنی یوان دەنێت:
١. زیادکردنی بەرهەمەکانی وەبەرهێنان بە دراوی
یوان لە دەرەوەی وڵات
هەنگاوەکان بۆ فراوانکردنی کەرەستەکانی وەبەرهێنان لە دەرەوەی وڵات بە
دراوی یوان، پلانێک لەخۆدەگرێت بۆ زیادکردنی قەبارە و خێراییی دەرکردنی بۆندە
حکوومییەکان لە هۆنگ کۆنگ؛ لەو شوێنەی کە داڕێژەرانی سیاسەت بەدوای پەرەپێدانی چەماوەی
سوود
(Yield curve) بۆ ئەم دراوەن.
بەرپرسانی هۆنگ کۆنگ هەروەها خەریکی لێکۆڵینەوەن لەسەر ناساندنی
ئامرازەکانی قەرزی کورتخایەن بە یوان و بەنیازن گرێبەستێکی نوێی داڕێژراوی زێڕ بەم
دراوە بخەنە گەڕ.
٢. زیادکردنی داتاشراوە دارایییەکان و ئامرازەکانی
بەڕێوەبردنی مەترسی
زۆرێک لە وەبەرهێنەرانی بیانی نایانەوێت پشکی خۆیان لە پاشەکەوتی یواندا
زیاد بکەن، مەگەر ئەوەی ڕێگەیەک هەبێت بۆ کۆنترۆڵکردنی ناجێگیری و مەترسییەکانی
سوودی بانکی و بەهای دراو.
بەرپرسانی چین بە چەندین ڕێگە بەدوای چارەسەری ئەم نیگەرانییانەن؛ لەوانە
فراوانکردنی بەستەری بازرگانیی داتاشراوەکان لەگەڵ هۆنگ کۆنگ بۆ ئەوەی دەستی وەبەرهێنەرانی
بیانی بە بەرهەمەکانی سوودی ناوخۆیی بگات. هەروەها لە مانگی ئابدا، زنجیرەیەکی نوێ
لە گرێبەستەکانی بۆندی حکوومییان لە هۆنگ کۆنگ ناساند کە ئامرازێکی تر بۆ بەرگریکردن
لە مەترسی دەخاتە بەردەست وەبەرهێنەرانی جیهان.
٣. قووڵکردنەوەی ڕۆڵی یوان لە دابینکردنی داراییدا
خاکی سەرەکیی چین و هۆنگ کۆنگ، پێکەوە کار دەکەن تا لە ڕێگەی
فراوانکردنی کەناڵەکانی دابینکردنی دارایی لە ناوەوە و دەرەوە، یوان بکەنە ئامرازێکی
بەربڵاوتر بۆ وەبەرهێنان. چین بەنیازی ئاسانکارییە بۆ دەرکردن و مامەڵەکردن بە «بۆندەکانی
پاندا»
(Panda bonds) بۆ قەرزوەرگرانی
بیانی. بۆندەکانی پاندا، ئەو پەڕاوانەی قەرزن بە یوان کە لەلایەن دامەزراوە بیانییەکانەوە
لەناو خاکی چین دەخرێنە ڕوو.
لەلایەکی ترەوە هۆنگ کۆنگ هانی دەرکردنی زیاتری پەڕاوەکانی قەرز بە یوان
دەدات و پلانی هەیە پێکهاتەیەکی نوێ بۆ «بۆندەکانی دیمسام» (Dim sum bonds) دروست بکات کە لە دەرەوەی خاکی چین بە یوان
دەردەکرێن، تا حکوومەت و کۆمپانیاکان بە ئاسانی سەرمایە لەم ڕێگەیەوە کۆبکەنەوە.
٤. فراوانکردنی ئاڵوگۆڕ و پەیپێدانی فرەسنووری
بە یوان
سیستەمی پارەدان و پاکتاوی داراییی فرەسنووری بە یوان بە خێرایی لە گەشەکردندایە.
بەپێی داتاکانی بلومبێرگ، بەهای ساڵانەی مامەڵەکان لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەراورد بە ١٠
ساڵ لەمەوبەر نزیکەی چوار هێندە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ١٨٠.٢ ترلیۆن یوان
(هاوتای ٢٦.٩ ترلیۆن دۆلاری ئەمریکی).
لەو چوارچێوەیەدا، شارەزایەکی بانکی «ستاندارد چارتەرد» ئاماژەی بەوە
کرد کە فراوانبوونی «سیستەمی پارەدانی نێوانبانکیی فرەسنوور» (CIPS)، ڕێگە بە دامەزراوە دارایییەکان لە دەرەوەی
چین دەدات مامەڵەکان بە یوان زۆر بەئاسانی ڕاپەڕێنن. هەروەها برەودان بە پارەدانی فرەسنوور
لە ڕێگەی کۆدەکانی
(QR) بەتایبەت
لەگەڵ وڵاتانی ئەندام لە یەکێتیی «ئاسیان» (ASEAN) یەکێک دەبێت لە پلانە لەپێشینەکان.