جام کوردی - بێرنی ساندەرز، سیناتۆری سەربەخۆی ویلایەتی ڤێرمۆنتی ئەمریکا، بە پشتپێبەستن بە ڕاپرسییەکی نوێ کە دەریخستووە ٨٠٪ی هاووڵاتییان داوای گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە شێوازی بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەکەن، هۆشدارییەکی توندی دایە پارتی دیموکرات کە نابێت لە ئەگەری سەرکەوتنیاندا لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسدا، تەنیا بە چاکسازیی ڕووکەش ڕازی بن، بەڵکوو پێویستە بەرژەوەندییەکانی چینی کرێکار بخەنە سەرووی هەموو ئەولەویەتەکانیانەوە.
ساندەرز لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی «ئێکس» ئاماژەی بە ئەنجامەکانی ڕاپرسییەکی هاوبەشی نێوان «ئەسۆشێتد پرێس و سەنتەری نۆرک» (AP-NORC) کرد و ڕایگەیاند: لە کاتێکدا بەرەو هەڵبژاردنی نیوەی خول دەڕۆین، زۆرینەی ڕەهای دەنگدەرانی ئەمریکا داوای وەرچەرخانێکی بنەڕەتی لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا دەکەن. بەپێی ئامارەکان، ٨٠٪ی دەنگدەرانی تۆمارکراو (لەوانە ٩٧٪ی دیموکراتەکان، ٩٠٪ی بێلایەنەکان و ٥٨٪ی کۆمارییەکان) جەختیان لەوە کردووەتەوە کە پێکهاتەی ئێستای واشنتۆن پێویستی بە گۆڕانکاریی ڕیشەیی هەیە.
ئەم سیناتۆرە دیارەی ئەمریکا بە جەختکردنەوە لەوەی کە «کاسەی سەبری کۆمەڵگەی ئەمریکی لێڕژاوە»، هۆشداریی دایە سەرکردەکانی پارتی دیموکرات کە لە ئەگەری کۆنترۆڵکردنەوەی کۆنگرێسدا، چاکسازیی سنووردار و کاتی وەڵامدەرەوەی خواستی شەقام نابێت. ناوبراو ڕوونیشی کردەوە کە سیاسەتەکانی پاراستنی دۆخی باو (Status Quo) شکستیان هێناوە و خەڵک خوازیاری کۆتاییهێنانن بە سیستمێک کە تەنیا خزمەت بە چینی تاقمی دەوڵەمەندی «یەک لەسەد» دەکات.
ساندەرز تەوەر و داواکارییە سەرەکییەکانی جەماوەری ئەمریکای لەم خاڵانەدا کورت کردەوە: دابینکردنی بیمەی تەندروستیی گشتگیر، سەپاندنی باجی ٥٪ بەسەر سامانی ملیاردێرەکاندا، چاکسازی لە سیستمی دابینکردنی دارایی هەڵبژاردنەکان، بەرزکردنەوەی کەمترین ئاستی کرێی کار بۆ لانیکەم ٢٠ دۆلار لە کاتژمێرێکدا، خوێندنی بێبەرامبەر لە زانکۆ حکومییەکاندا، دروستکردنی ٧ ملیۆن یەکەی نیشتەجێبوونی گونجاو بەپێی داهاتی خەڵک، کۆنترۆڵکردنی پەرەپێدانی بێسنووری سەنتەرەکانی دراوەی ژیریی دەستکرد، و لە کۆتاییشدا کۆتاییهێنان بە «جەنگە بێکۆتاییەکان» و بڕینی هاوکارییە دارایی و سەربازییەکان بۆ حکومەتی توندڕەوی ئیسرائیل.
شایانی باسە، لە هەڵبژاردنەکانی نیوەی خولی کۆنگرێسی ئەمریکادا کێبڕکێ لەسەر سەرجەم ٤٣٥ کورسییەکەی ئەنجومەنی نوێنەران و ٣٥ کورسیی ئەنجومەنی پیران (سێنا) دەکرێت؛ ئەنجامێک کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ هاوسەنگیی هێز و توانای جێبەجێکردنی بڕیارەکانی کۆشکی سپی لە دوو ساڵی کۆتایی خولی سەرۆکایەتیدا یەکلایی دەکاتەوە.