سەرلەشکەر موحسین ڕەزایی، سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا وتی: «ترەمپ بە بەکرێگرتنی ژمارەیەک لەو ئاژاوەگێڕانەی لە ئاوەکانی کەناراوەکانی عومان چالاکن، ڕووی لە قاچاخچێتی کردووە.»

ناوبراو بە ئاماژەدان بە بانگەشەی ڕۆژانەی ترەمپ سەبارەت بە کراوەبوونی گەرووی هورمز گوتی: «بەو دەڵێم: ئێوە سەرقاڵی قاچاخچێتین، بەڵام ئەو گەرووە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئێرانە و ئێمە بەڕێوەی دەبەین.»

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە «فەرماندەی سەنتکۆم (ناوەندی فەرماندەیی ئەمریکا) سەرکردایەتی ئەو کارە قاچاخانە دەکات و سوودی لە سوپای ئیماراتیش وەرگرتووە. ئەوان پێنج بۆ شەش بەلەمی بچووک بۆ گواستنەوەی نەوت بۆ تانکەرە گەورەکان بەکاردەهێنن، بەڵام ئێمەش هەر شەو پێنج بۆ شەش دانەیان دەکەینە ئامانج.»

ڕەزایی وتی: «لە ئێستادا هەڵاوسان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان زۆر بەرزە و ئەوان تەنانەت ناتوانن مووچەی هێزە فیدراڵییەکان و سەربازییەکانیان بدەن و ئێستا هەمان کەس دەیەوێت دژ بە ئێمە هەنگاو بنێت، بەڵام لە کۆتاییدا تووشی شکستی گەورەی ئابووری دەبێت.»

ناوبراو زیادی کرد: «ئێمەش بە وردە وردە پێشبینییەکان و ڕێکارە ئابوورییە پێویستەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی کردەوە دوژمنکارانەکانی ئەمریکا دەگرینە بەر.»

ڕەزایی ڕایگەیاند: «هەتا مەرجە حەوتینەکەی ئێران قبوڵ نەکرێت، گەرووی هورمز ناکرێتەوە.»

ناوبراو بە ئاماژەدان بەوەی ئەمریکییەکان لە ڕێگەی سێ کەناڵی پێوەندیی عێراق، پاکستان و قەتەرەوە هەوڵیان داوە پێوەندییان لەگەڵ ئێران هەبێت، گوتی: «لە هەمان کاتدا دەبێت ئەوان سەبارەت بە پێشنیارەکانی ئێمە بە ڕاشکاوی قسە بکەن.»

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران وتی: «ئێمە هەموو جارێک لەسەر مێزی دانوستان ئامادە بووین، بەڵام ئەمریکییەکان لە ناوەڕاستی دانوستانەکان بە توندوتیژی وەڵامیان داینەوە و هێرشیان کردە سەرمان؛ ئەم کردەوەیەی ئەوان خیانەتێکی ئاشکرا بوو. ئەمریکییەکان وەڵامی مەرجەکانی ئێمەیان دایەوە و هەندێکیانی قبوڵ کرد، بەڵام وەڵامەکەیان سەبارەت بە مەرجەکانی دیکە ناڕوون و ناڕاشکاو بوو.»

سەرلەشکەر ڕەزایی جەختی کردەوە: «ئێمە پڕۆسەی وەڵامدانەوە بەوان کۆتایی پێ ناهێنین، مەگەر ئەوەی ئەو ناڕوونییانەی لە وەڵامەکانیاندا هەیە لای ببەن و بە ڕاشکاوی بڵێن کە دەیانەوێت بەرامبەر بە مەرجەکانی ئێران چی بکەن.»

ناوبراو جەختی کردەوە کە کۆنتڕۆڵی گەرووی هورمز دەپارێزین و لە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی سوود وەردەگرین. ئەزموون سەلماندوویەتی کە ئەگەر بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز لە دەستی ئێراندا نەبێت، ئاسایشی کەنداوی فارسیش تووشی مەترسی دەبێت.

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران زیادی کرد: «ئەو کارەی ترەمپ دەیکات، هاوکاری لەگەڵ گرووپێکە کە لە ڕاستیدا دزە دەریایی و قاچاخچین و تیمی ئابووریی ئەویان پێکهێناوە؛ ئەوانە هێرش دەکەنە سەر کەشتییەکان و بە یارمەتیی ئیمارات و پێشکەشکردنی داشکاندن بە کڕیارانی نەوت، هەوڵ دەدەن بەشێک لە هەناردەی نەوت لە ڕێگە جێگرەوەکانەوە ئەنجام بدەن.»

ناوبراو وتی: «ئەوان بە یارمەتیی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات و عەرەبستان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی هێڵێکی بۆرییەوە کە بۆ فوجەیرا دەچێت، بەشێک لە نەوتەکە بە شەوانە بگوازنەوە و دوای ئەنجامدانی ئەم کارانە، بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گەرووی هورمز کراوەیە؛ لە کاتێکدا لە ڕاستیدا هەوڵ دەدەن بەو جۆرە ڕێگایانە، سنووردارکردنەکانی گەرووی هورمز تێپەڕێنن.»

سەرلەشکەر ڕەزایی گوتی: «کەمیی سووتەمەنی لە ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئەو هەڵاوسانەی ئەمڕۆ لەو وڵاتە دەیبینین، دەرەنجامی سیاسەت و کردەوەکانی خودی ئەمریکییەکانە. ئەمریکا خۆی هۆکاری دروستبوونی ئەو دۆخەیە و ئێستا ڕووبەڕووی لێکەوتەی کارەکانی بووەتەوە.»

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران زیادی کرد: «ئەمریکییەکان وایان دەزانی دەتوانن لەو شەڕە بە قازانجی خۆیان سوود وەربگرن، بەڵام ئێستا ڕووبەڕووی هەڵاوسانی بەرز و شکستی گەورە بوونەتەوە و ناتوانن کێشەکانی خۆیان چارەسەر بکەن.»

ناوبراو وتی: «ئێوە بە بێڕێزی و بە ئەدەبیاتێکی لووتبەرزانە لەگەڵ گەلی ئێران قسە دەکەن، لە کاتێکدا دەبێت بزانن دیاریکردنی چارەنووسی ئەم شەڕە لە دەستی گەلی ئێرانە.»

ناوبراو درێژەی بە قسەکانی دا: «ئەگەر جارێکی دیکە شەڕێک ڕوو بدات، زۆرێک لە کەیبڵەکان، دەیتا سەنتەرەکان، دامەزراوەکانی ژیریی دەستکرد و وێبگەکان و دامەزراوەکانی دیکە لە ناوچەکەدا لەناو دەبرێن کە بەهای زیاتر لە ٢ تریلیۆن دۆلاریان هەیە. ئەگەر ئەمڕۆ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی دیکە ڕوو بدات، دڵنیابن بە بەرنامەیەکی زۆر بەرفراوانتر و گەورەترەوە پێشوازی لە دوژمن دەکەین.»

سکرتێری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانی ئێران لە کاردانەوە بە وتەکانی ئەم دواییەی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی: «پەیامێکم بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هەیە: گەلانی زۆر گەورەتر لە ئێوە لە ماوەی هەزاران ساڵدا خەونی ئەوەیان بینیوە کە بێنە ئێران و ئەم وڵاتە داگیر بکەن. هێزگەلی جۆراوجۆر خەونی چوونە ناو ئێران، کۆنتڕۆڵکردنی و لەناوبردنی گەلی ئێرانیان لە سەردا بوو، بەڵام گەلی ئێران هەموو ئەوانی تێکشکاند. ناوەکانیان ئێستا لە مێژوودا نەماوە، لە کاتێکدا گەلی ئێران هەر لە کتێبەکانی مێژوودا ماوەتەوە.»

ناوبراو گوتیشی: «با ڕاشکاوتر بڵێم: هەرچەند زیاتر هەوڵ دژی ئێران بدەن، زیاتر لەو زەلکاوەدا نقووم دەبن. ئێوە ئاماژەتان بە مێژوو کرد، بەڵام مێژووی ئێمە چیرۆکی زۆر پەندئامێزی بۆ ئێوە تێدایە. جارێکی دیکە ناچار دەبن لە بەرامبەر گەلی ئێراندا ئەژنۆ دابنێن و لە کۆتاییدا دەبنە هۆی ئەوەی گەلی ئێران گەورەتر ببێت.»