جام کوردی - ئابووری ئەمریکا لە کۆتایی مانگی سێپتەمبەردا، بەهۆی کەمیی هەلی کار، دابەزینی متمانەی بەکاربەر و فشاری نرخی وزە، ئەو ڕاستییەی دەرخستووە کە تێچووی جەنگ لە زیادبووندایە و حاشییەی ئەمنیی ئابووری بەرەو لاوازی دەچێت؛ ئەمەش وێنەیەکی نیگەرانکەرە.

ئابووری ئەمریکا لە کۆتایی سێپتەمبەردا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک نیشانەی ناکۆک بۆتەوە: لەلایەک گەشەی بەرهەمی ناوخۆیی (GDP) لە چارەکی دووەمدا بە ڕێژەی ٢.٢٪ بەردەوامە و بەکاربردن و وەبەرهێنان، بەتایبەت لە ژێرخانی زیرەکیی دەستکرددا، هێشتا پاڵپشتیی چالاکییە ئابوورییەکان دەکەن؛ بەڵام لەلایەکی دیکەوە، بازاڕی کار لە هەناسە بڕکێدایە، متمانەی بەکاربەر بۆ نزمترین ئاستی ١٢ ساڵی ڕابردوو دابەزیوە و لە بەشێکی زۆری بازاڕی پشکەکاندا، لاوازییەکی زیاتر لەچاو شاخصە سەرەکییەکان دەبینرێت.

نوێترین ڕاپۆرتی "JOLTS" دەریدەخات کە هەلی کار لە کۆتایی مانگی ئابدا ٢٥٦ هەزار کەمی کردووە و گەیشتووەتە ٧.٠٧٩ ملیۆن؛ ئەم ژمارەیە لەوەی ئابووریناسان چاوەڕێیان دەکرد کەمترە و نزمترین ئاستە لە پێنج مانگی ڕابردوودا. ڕێژەی هەلی کاریش لە ٤.٤٪ بۆ ٤.٣٪ دابەزیوە. لە هەمان مانگدا، هەلی کار لە کەرتەکانی پیشەسازی و بیناسازیشدا کەم بووەتەوە.

هاوکات، متمانەی بەکاربەری ئەمریکی لە سێپتەمبەردا ٦.٧ یەکە دابەزیوە بۆ ٨١.٩؛ کە نزمترین ئاستە لە نیسانی ٢٠١٤ەوە. نیگەرانیی خێزانەکان لەسەر دۆخی داهاتووی کار و بازاڕ زیاد بووە و ڕێژەی ئەو کەسانەی پێیان وایە دۆزینەوەی کار دژوارە، گەیشتووەتە ٢١.٩٪.

لە "والستریت"-یش، کەلێنێک لەنێوان ڕووکەشی نیشاندەرەکان و دۆخی بەشە فراوانەکەی دیکەی بازاڕدا دروست بووە. شاخصی سەرەکی S&P 500 هێشتا لەلایەن کۆمپانیا زەبەلاحەکانی تەکنەلۆژیاوە پاڵپشتی دەکرێت، بەڵام شاخصی "هاوکێش" (Equal-weight) لە لێواری حەوتەمین هەفتەی یەک لەدوای یەکی دابەزیندایە؛ زنجیرەیەک کە بە دەگمەن ڕوو دەدات و نموونەکانی لە ساڵانی ٢٠٠٢ و ٢٠٢٢دا بینراون، کە کاتی پاشەکشەی بازاڕ بوون.

بەڵام لێرەدا پرسیارێکی گرنگ دێتە پێش: ڕۆڵی جەنگ لەم وێنە ئابوورییەدا چییە؟

کاریگەریی جەنگ دەبێت لە تێچووە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانیدا بەدوایدا بگەڕێین.

جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، بە تێکدانی بازاڕی وزە و گواستنەوە لە ناوچەکەدا، بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و بەرهەمە نەوتییەکان. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نرخی گازوایل لە ئەمریکا گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و بەرزبوونەوەی نرخی وزە بووەتە یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی نیگەرانیی خێزانەکان. هاوکات، پەککەوتنی هەناردەکردن لە کەنداو و بەردەوامیی کێشەکانی تێپەڕینی وزە لە گەرووی هورمز، وای کردووە شیکاران پێشبینییەکانیان بۆ نرخی نەوت بۆ ساڵی ٢٠٢٦ بەرز بکەنەوە؛ لە ڕاپرسیی مانگی سێپتەمبەری "رۆیتەرز"-دا، تێکڕای پێشبینی بۆ نرخی نەوتی برێنت گەیشتووەتە دەوروبەری ٨٩ دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک.

ئەم ڕێگەی گواستنەوەی کاریگەریی جەنگ بۆ سەر ئابووریی ئەمریکا زۆر گرنگە. جەنگ دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی وزە و لە ئەنجامدا هەڵاوسانی زیاتر. لە دۆخێکی وادا، سوودی بانکی بەرز دەبێتەوە و تێچووی دابینکردنی دارایی زیاتر دەبێت، ئەنجامەکەشی فشارێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر بژێوی خێزانەکان و کۆمپانیاکان.

ئەم زنجیرەیە کاتێک مەترسیدار دەبێت کە بازاڕی کار لە هەمان کاتدا خەریکە سارد دەبێتەوە. بەرزبوونەوەی تێچووی وزە سەرەتا راستەوخۆ دەگوازرێتەوە سەر بەنزین و گازوایل، بەڵام کاریگەرییەکەی بۆ سەر گواستنەوە، بەرهەمهێنان، خۆراک و خزمەتگوزارییەکانیش تەشەنە دەکات. خێزان بۆ سووتەمەنی و پێداویستییە سەرەکییەکان پارەی زیاتر دەدات و لە ئەنجامدا سەرچاوەی کەمتری بۆ خەرجییەکانی دیکە دەمێنێتەوە. کۆمپانیاکانیش ڕووبەڕووی تێچووی زۆری بەرهەمهێنان و ئاسۆیەکی نادیار دەبنەوە و ڕەنگە لە دامەزراندن و وەبەرهێناندا وریاتر بن.

داتاکانی متمانەی بەکاربەر بە وردی ئەم فشارەیان تۆمار کردووە. وەڵامی خێزانەکان سەبارەت بە ئابووری لە سێپتەمبەردا زیاتر لە جاران ئاماژەیان بە نرخەکان، تێچووی کاڵاکان و بەتایبەت نەوت و گاز دەکرد. لە هەمان کاتدا، سوودی قەرزی خانووبەرەی ٣٠ ساڵە گەیشتووەتە سەرووی ٧٪ و بەپێی ڕاپۆرتەکان، لە سەرەتای دەستپێکردنی جەنگەوە زیاتر لە یەک لەسەد بەرز بووەتەوە.

لە ئەنجامدا، جەنگ بە ناچاری بازاڕی کاری ئەمریکای ڕاستەوخۆ نەکردووەتە ئامانج؛ بەڵکو تێچووی بەڕێوەبردنی ئابووریی ئەمریکای بەرز کردووەتەوە. ئەم جیاوازییە گرنگە. ئەگەر بازاڕی کار لاواز بێت، کەمکردنەوەی فشاری دراڤی (Monetary pressure) دەکرێت یارمەتیی ئابووری بدات؛ بەڵام ئەگەر جەنگ نرخی وزە بەرز بهێڵێتەوە و هەڵاوسان توندتر بکات، بۆشایی مانۆڕی بانکی ناوەندی سنووردارتر دەبێت. تەنانەت لە دۆخێکدا کە ئابووری لە ڕووی بەرهەمهێنانەوە هێشتا گەشە دەکات، سیاسەتی دراڤی دەکرێت بۆ ماوەیەکی درێژتر بە توندی بمێنێتەوە.

لە ڕوانگەیەوە، هەواڵی خراپ بۆ ترەمپ تەنیا کەمبوونەوەی ٢٥٦ هەزار هەلی کار نییە. هەواڵی خراپ، هاوکاتبوونی چەند ڕەوتێکە: بازاڕی کار حاشییە ئەمنییەکەی پێشووی لەدەست دەدات، متمانەی بەکاربەر داکشاوە، تێچووی وزە بەرز بووەتەوە و جەنگیش ئاسۆی هەڵاوسان و سوودی بانکی ئاڵۆزتر کردووە. لە بەرامبەردا، کۆشکی سپی هێشتا دەتوانێت ئاماژە بە گەشەی ئابووری و بازاڕی پشکەکان بکات. GDP-ی چارەکی دووەم تەنانەت دوای پێداچوونەوەش، گەشەی ٢.٢٪-ی تۆمار کردووە و وەبەرهێنانی زەبەلاح لە ژێرخانی زیرەکیی دەستکرد و گەشەی بەکاربردن هێشتا پاڵپشتیی ئابووری دەکەن.

بەڵام هەر ئەم دژایەتییە، گرنگیی داتا نوێیەکان زیاتر دەکات: ئابووریی ئەمریکا هێشتا گەشە دەکات، بەڵام تێچووی ئەم گەشەیە لە زیادبووندایە. بازاڕی کار هێشتا تەواو داڕمان نەبووە، بۆرسە هێشتا نەکەوتووە و ئابووری نەچووەتە قۆناغی پاشەکشەی جددییەوە. بەڵام جەنگ، شۆکێکی وزە و هەڵاوسانی خستووەتە سەر ئەو ئابوورییەی کە هاوکات دەبێت لەگەڵ سوودی بانکیی بەرز، تێچووی خانووبەرە، قەرزێکی زۆر و کەمبوونەوەی حاشییەی ئەمنیی بازاڕی کاردا ڕووبەڕوو ببێتەوە.

کەواتە کێشەی سەرەکی بۆ دەوڵەتی ترەمپ ئەوە نییە کە ئایا ئابووریی ئەمریکا هەر ئەمڕۆ داڕماوە یان نا. کێشەکە ئەوەیە کە ئایا دەکرێت هاوکات پارەی جەنگ و وزەی گران بدرێت و لە هەمان کاتدا ئەو وێنە بەهێز و جێگیرە بپارێزیت کە کۆشکی سپی لە ئابووریی ئەمریکا نیشانی دەدات؟ داتاکانی سێپتەمبەر هێشتا وەڵامی کۆتایی ئەم پرسیارە نین؛ بەڵام بە ڕوونی دەریدەخەن کە مەودای نێوان ئەو وێنەیەی ئابووریی ئەمریکا کە ترەمپ لە تریبۆنە سیاسییەکاندا پێشکەشی دەکات و ئەو فشارانەی کە لە بازاڕی کار، بوودجەی خێزان و لەژێر پێستی بازاڕە داراییەکاندا دروست بووە، زۆر جیاوازە و دەرەنجامی هەوڵێکی چەواشەکارانەی سەرۆکی ئەمریکایە بۆ نیشاندانی ڕووخسارێکی سەرکەوتوو لە خۆی، بە نرخێکی گران کە بریتییە لە خستنەژێر فشاری بژێویی ڕۆژانەی خەڵکی ئەمریکا.