«ئێران گەورەترین کێشەی سیاسەتی ئەمریکایە»
رەزایی لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان ئاماژەی بەوە کرد کە ئەوەی ترەمپ زۆربەی وتارەکەی بۆ باسی ئێران تەرخان کردووە، نیشانەی ئەوەیە کۆماری ئیسلامیی ئێران بووەتە گەورەترین کێشەی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. ناوبراو وتی: «ترەمپ دەیەوێت بەو قسانە نیشان بدات کە شکستی نەهێناوە، بەڵام ئەو تەنها لە قیافەی تاوانبارێکی شکستخواردوودا دەردەکەوێت کە تەنها خەریکی بەرگریکردن لە خۆیەتی. ئەو دەیگوت ئێران دەگەڕێنینەوە بۆ سەردەمی بەردین، بەڵام ئێستا دەبینین ئێران بەهێزتر لە جاران ماوەتەوە.»
«ترەمپ و نەتەنیاهۆ گەورەترین تیرۆریستانی جیهانن»
ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، ترەمپ و نەتەنیاهۆ وەک سەرەکیترین هۆکاری تیرۆریزم لە جیهاندا ناساند و ڕایگەیاند: «ئێمە لە سەرەتای شۆڕشەوە دەستمان بۆ کەس نەبردووە و تەنها بەرگریمان کردووە. ئەوان ٢٥ هەزار منداڵیان لە جیهاندا کوشتووە. ئایا تیرۆریست ئەوانەن یان ئێمە کە منداڵەکانمان لە قوتابخانەدا شەهید کراون؟»
«ئێران براوەی ئەم جەنگەیە»
رەزایی بە ئاماژەدان بە توانای سەربازیی ئێران، جەختی کردەوە کە زۆربەی کارناسانی جیهان ئێران بە براوەی گۆڕەپانەکە دەزانن. ناوبراو ئیدیعای کرد: «ئێران یەکەم وڵات بوو کە توانی فڕۆکەی ئێف-٣٥ و ئاواکسی ئەمریکا لەکار بخات. ئێستا چیتر کەس بە چاوی زلهێز سەیری ئەمریکا ناکات.»
بە وتەی رەزایی، لەم نێوانەدا زیردریاییەکی پێشکەوتووی ئەمریکی کەوتووەتە دەست ئێران و ئێستا کار لەسەر ئەندازیاریی پێچەوانەی ئەو ئامێرە دەکرێت کە تەکنەلۆژیاکەی چەند ملیار دۆلار بەهای هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە مووشەکەکانی ئێران توانیویانە لەسەر فڕۆکەهەڵگری «جۆرج واشنگتن» بتەقنەوە و زانیارییەکانیش دەریدەخەن کە ژێرخانی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا زیانی جدیی بەرکەوتووە.
«حەوت مەرجی ئێران بۆ دانوستان»
سەبارەت بە دۆخی دانوستانەکان، رەزایی رایگەیاند کە سیاسەتی ئێران گۆڕاوە و چیتر ناگەڕێنەوە بۆ دۆخی پێشوو. ئەو وتی: «ئێران ٧ مەرجی بۆ ئەمریکا داناوە. ئەو مەرجانە بە نووسراوە لە لایەن وڵاتانی پاکستان، قەتەر و عێراقەوە وەرگیراون. تا مەرجەکانی ئێران جێبەجێ نەکرێت، نە گەرووی هورموز دەکرێتەوە و نە دانوستان دەکەین. ئەمریکا دەبێت سەرەتا متمانەی گەلی ئێران بەدەست بهێنێت.»
هۆشداری بە وڵاتانی ناوچەکە
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، موحسین رەزایی هۆشدارییەکی تووندی دایە وڵاتانی ناوچەکە و وتی: «داوا لە وڵاتانی ناوچەکە دەکەین تێکەڵی سەرکێشییەکانی ئەمریکا نەبن. ئێمە ناتوانین رێگە بەوە بدەین فڕۆکەکانی ئێران گەشت نەکەن، ئەگەر ئەوان رێگری بکەن، فڕۆکەخانەکانی خۆشیان ناتوانن چالاک بن. پێویستە لەبری ئەوەی ببنە هاوپەیمانی ئەمریکا، رێگری لە پەرەسەندنی جەنگ بکەن.»