جام کوردی - بەگشتی ئیمپراتۆریەتەکان لەو ساتەدا ناڕووخێن کە تووشی شکستی کۆتایی خۆیان دەبن؛ ئاوابوونیان زۆر زووتر دەستی پێکردووە. شکستی کۆتایی تەنها ئەو ساتەیە کە ئەوەی لە ژێر پێستی دەسەڵاتدا دەگوزەرێت لەناکاو دەردەکەوێت. لەم ڕوانگەیەوە ناتوانرێت پێشهاتەکانی ئەم دواییەی گەرووی هورمز تەنها وەک ڕووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازیی نێوان ئێران و ئەمریکا سەیر بکرێت.
هورمز دەتوانێت هێمای قۆناغێکی نوێ بێت لە مێژووی دەسەڵاتی ئەمریکادا؛ قۆناغێک کە تیایدا کەلێنی نێوان "دەسەڵاتی هەبوو" و "توانای بەکارهێنانی دەسەڵات" ڕۆژ بە ڕۆژ زیاد دەکات.
لە مێژووی چەند سەدەی ڕابردوودا دەسەڵاتی جیهانی بە شێوەیەکی سەرەکی پەیوەست بووە بە هێزی دەریاییەوە. پورتوگال یەکەم زلهێزی ئەوروپی بوو کە تۆڕێکی جیهانی کاریگەری دروستکرد بە زاڵبوون بەسەر ڕێگا دەریاییەکان. دوای ئەوە هۆڵەندا بە بەلەمەکانی بازرگانی و دەریایی پێگەیەکی ئیمتیازاتی بەدەستهێنا و دواتر بەریتانیا بە هێزی دەریایی خۆی بوو بە گەورەترین ئیمپراتۆریەتی جیهانی؛ ئیمپراتۆریەتێک کە بەشێکی بەرچاوی دەسەڵاتی خۆی لە کۆنترۆڵکردنی دەریاکان و ڕێڕەوی ستراتیژییەوە بەدەستهێنا. هەروەها فەرەنسا لە هەندێک کاتدا ڕکابەرێکی جددی بوو لەگەڵ زلهێزە دەریاییەکانی ئەوروپا. بەڵام هیچ کام لەم زلهێزانە نەیانتوانی بۆ هەمیشە باڵادەستی خۆیان بپارێزن. لەگەڵ وەرینی ئابووری و سەرهەڵدانی ڕکابەری نوێ و شەڕی تێچووی زۆر و گۆڕانکاری لە هاوسەنگی جیهانیدا، ئاڵای هێزی دەریایی لە دەستێکەوە بۆ دەستێکی تر تێپەڕی و لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، ئەمریکا جێگەی بەریتانیای گرتەوە. هەروەها ئەمریکا بە پشت بەستن بە دوو پایەی سەرەکی، باڵادەستی سەربازی و دەریایی لە لایەک و باڵادەستی ئابووری و دارایی و تەکنەلۆژی لە لایەکی دیکەوە بوو بە زلهێزی باڵادەستی جیهانی.
هەروەها کۆنترۆڵکردنی ڕێڕەوی ئاوی ستراتیژی و هێڵەکانی پەیوەندی دەریایی بەشێکی دانەبڕاو بوو لەم دەسەڵاتە. واشنتۆن نەک تەنها لە ڕێگەی فڕۆکە هەڵگرەکان و بنکە سەربازییەکانەوە، بەڵکو بە دڵنیاکردنەوەی هاوپەیمانان و بازاڕە جیهانییەکان سەبارەت بە ئاسایشی ڕێگاکانی وزە، ڕێکخستنی خوازراوی خۆی پاراست. بەڵام ئەمڕۆ ئەم هاوکێشەیە جیاوازە لە ڕابردوو. وێنەی کەشتییەکی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکی کە ناچارە پاشەکشە بکات یان پێگەی خۆی بگۆڕێت لە بەرامبەر هەڕەشەکانی ناوچەکەدا، خۆی لە خۆیدا بە مانای شکستی ئەمریکایە. ئەمریکا هێشتا زلهێزێکی گەورەیە و توانای سەربازی و ئابووری و تەکنەلۆژی گەورەی هەیە. پرسیاری گرنگتر ئەوەیە ئایا واشنتۆن هێشتا دەتوانێت هێزی سەربازی خۆی لە هەر شوێنێکی جیهان بەکاربهێنێت بەبێ ئەوەی باجێکی قورس بدات؟ ئەمە هەمان ئەو پرسیارەیە کە گەرووی هورمز بۆ ئەمریکای خستووەتە ڕوو.
خاڵی گرنگ لێرەدا تێچووی شەڕی مۆدێرنە. ئیتر شەڕ تەنیا بەندنیە بە ژمارەی فڕۆکە هەڵگرەکان و فڕۆکە جەنگییە پێشکەوتووەکان و مووشەکی گرانبەها. لایەنێک کە بتوانێت لە یەک کاتدا بە چەکی تاڕادەیەک هەرزان ژمارەیەکی زۆر هەڕەشە دروست بکات و سیستەمی بەرگری بەرامبەر ناچار بکات تەقەمەنی زۆر گرانبەها بەکاربهێنێت، دەتوانێت هاوکێشەی ئابووری شەڕ بگۆڕێت. ئەمەش دوو هێندە گرنگە بۆ زلهێزێکی وەک ئەمریکا کە تۆڕێکی بەرفراوانی پابەندبوونی سەربازی لە سەرانسەری جیهاندا هەیە. هەروەها هۆشداری مێژوویی دوایت ئایزنهاوەر سەبارەت بە کاریگەریی "کۆمەڵگەی سەربازی-پیشەسازی" لە سیاسەتی ئەمریکادا لێرەدا مانای نوێ وەردەگرێت. ئایزنهاوەر نیگەران بوو لەوەی پیشەسازی چەک لەبری ئەوەی تەنها ئامرازێکی سیاسەتی نیشتمانی بێت، ببێتە هۆکارێک بۆ داڕشتنی سیاسەتی نیشتمانی. شانبەشانی ئەمەش فاکتەری تریش هەیە: جیهانگیری. گواستنەوەی بەشێکی زۆری بەرهەمی پیشەسازی ئەمریکا بۆ دەرەوەی وڵات، لە کاتێکدا قازانج بۆ کۆمپانیا گەورەکانی ئەمریکا، بووەتە هۆی لەدەستدانی هەلی کار و لاوازبوونی چینی ناوەندی پیشەسازی لە بەشێک لە وڵاتدا. سەرهەڵدانی “ئەمریکای ترەمپ” بەبێ گرنگیدان بەم ناڕازییە کۆمەڵایەتییە، ناتوانرێت تێبگەین. دروشمی "ئەمریکا دووبارە گەورە بکەنەوە" لە ڕاستیدا وەڵامێکی سیاسی بوو بۆ ئەو هەستەی کە ئەمریکا بەشێک لە توانای بەرهەمهێنان و پیشەسازی ڕابردووی لەدەستداوە. لە هەمان کاتدا ڕکابەری نوێ سەریان هەڵداوە. چین چیتر ئەو وڵاتە نییە کە ئەمریکا خەیاڵی دەکرد دەتوانێت بۆ هەمیشە وەک کارگەی هەرزانی جیهان بمێنێتەوە، بەڵکو ئێستا ڕکابەرێکی جددییە لە بواری تەکنەلۆژیا و پیشەسازی و بازرگانی و هێزی سەربازیدا. هەروەها ڕووسیا توانیویەتی لە بواری سەربازی و وزەدا ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت و ئێرانیش بە پشتبەستن بە شوێنی جوگرافی و هێزی مووشەکی و قووڵایی ناوچەکە بووەتە یەکێک لە هۆکارە دیاریکەرەکانی هاوکێشە ئەمنییەکان. ئەم پێشهاتە ساڵانێک لەمەوبەر لەلایەن زبیگنیو برێزینسکی ڕاوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکاوە ئاماژەی پێکرا. لە کتێبی “تەختەی شەترەنجە گەورەکە”دا هۆشداریدا لەوەی کە مەترسیدارترین سیناریۆ بۆ واشنتۆن دروستبوونی لێکنزیکبوونەوەیەک بوو لە نێوان چین، ڕووسیا، هیندستان و لەوانەیە ئێران؛ لێکنزیکبوونەوە کە مەرج نییە لەسەر بنەمای ئایدۆلۆژیایەکی هاوبەش دامەزرابێت، بەڵکو دەتوانرێت لە بەرژەوەندی هاوبەش و ناڕەزایەتییە هاوبەشەکان دژی هەژموونی ئەمریکی پێکبهێنرێت. ئەمڕۆ، ڕەنگە، هێشتا نەتوانین باس لە یەکێتییەکی تەواوەتی ئۆراسیا بکەین، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە چین، ڕووسیا و ئێران هەریەکەیان بە شێوازی خۆیان تواناکان پەرەپێدەدەن کە تادێت بۆ واشنتۆن قورستر دەبێت سنووردارکردنی.
کەواتە ئەوەی لە گەرووی هورمزدا دەگوزەرێت، ئەگەر بە دروستی تێبگەین، تەنیا بابەتی ئێران و ئەمریکا نییە. مەسەلەکە کۆتایی هاتنی وردە وردەی سەردەمێکە کە زلهێزێک دەتوانێت نزیکەی بە تەنیا بە بوونی کەشتیەکانی ئاسایشی ڕێڕەوی ئاو و ڕێڕەوی وزە پێناسە بکات. بێگومان نابێت گەرووی هورمز بە مانای داڕمانی دەسەڵاتەکەی وەک "شکستی ئەمریکا" سەیر بکرێت. لێکدانەوەیەکی وردتر لەوانەیە “شکستی قۆرخکاری دەسەڵات” بێت. پورتوگال و هۆڵەندا و بەریتانیا هەریەکەیان جارێک پێیان وابوو کە باڵادەستی دەریایی ئەوان دەتوانێت تا کاتێکی نادیار پێگەی خۆیان گەرەنتی بکات، بەڵام مێژوو پێچەوانەکەی سەلماندووە. پرسیاری سەرەکی سەبارەت بە ئەمریکا هەمان شتە: ئایا دەتوانێت خۆی لەگەڵ جیهانێکدا بگونجێنێت کە ئیتر یەک جەمسەری نییە، یان بەردەوام دەبێت لە هەوڵدان بۆ پاراستنی نەزمی کۆن بە ئامرازە کۆنەکان؟ ئیمپراتۆریەتەکان کاتێک دادەبەزن کە چیتر ناتوانن بۆشایی نێوان ویست و توانا بپارێزن. ڕەنگە گەرووی هورمز یەکێک بێت لە یەکەم دیمەنەکان کە ئەمە بە ڕوونییەکی بێ وێنە پەیوەندییەکەی خستۆتە بەر چاوی جیهان.