جام کوردی - هێزی سەربازیی کۆماری ئیسلامی ئێران دواجار ئۆپراسیۆنێکی کرد کە لە ماوەی شەڕەکان لەگەڵ ئەمریکادا بێ وێنەبوو و بە ڕای هەندێ لە چاودێران و شرۆڤەکاران و بە لەبەرچاوگرتنی توانای باڵای سەربازیی تاران، دەبوو مێژوویەک پێش ئێستا بەرامبەر ویلایەتە یەکگرتووەکان وەکوو هێزێکی دەستدرێژیکار، بیکردبای.

کۆماری ئیسلامی ئێران دەستی کردووە بە لێدانی بنکە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا، بە تایبەتی بنکەکەی ئوردن. وتەبێژی ئەرتەشی ئێران لە نوێ ترین لێدواندا بە ئاشکرا وتی "لەمەودوا چاوەڕێ ناکەین ئەمریکا دەستپێشخەری بکات لە هێرشکردن و ئێمە وەڵام بدەینەوە. نا، ئەو سەردەمە کۆتاییهات؛ لەمەودوا ئێمە دەستپێشخەری دەکەین و یەکەم لێدان دەوەشێنین. هەر بنکەیەکی ئەمریکی تەنها هەستی پێبکەین، کە فڕۆکەی لێوە دەفڕێت بۆ هێرشکردنە سەر ئێران، دەستبەجێ دەکرێتە ئامانج و لێی دەدرێت."

ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ ئەوەی سەرۆکی مەجلیسی شۆرای ئیسلامی ئێران هۆشدارییەکی توندی دایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ڕایگەیاند، "سەردەمی وەڵامدانەوەی هاوتا کۆتایی هاتووە و هەر هێرشێک بکرێتە سەر وڵاتەکەمان، وەڵامێکی خێراتر، توندتر و بەئازارتر دەدەینەوە". محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران ڕایگەیاند: "پێویستە ئەمەریکا پێش لەدەستچوونی کات درک بەوە بکات کە یاساکانی یارییەکە گۆڕاون، چونکە بە دڵنیاییەوە تێگەیشتوون کە سەردەمی وەڵامدانەوەی هاوتا کۆتایی هاتووە".

ئاماژەی بەوەش کرد، هەر هێرشێک لە داهاتوودا بکرێتە سەر ئاسایش یان بەرژەوەندییەکانی ئێران، ڕووبەڕووی وەڵامێکی خێراتر، توندتر و بەئازارتر دەبێتەوە. هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە هێرشەکانی ئەم دواییەیان بۆ سەر بنکەکانی دەستدرێژیکاران، تەنها سەرەتایەک بوون.

خاڵی بەهێزی ئێران لە تەواوی شەڕەکەدا لەگەڵ دەستدرێژیکارانی ئەمریکی – زایۆنی بە هاوکاریی هەندێ وڵاتی ناوچەیی ئەوە بوو کە لە ماوەی ١٠ خولەکدا و کەمتریش وەڵامی هەر هەڕەشەیەکی ئەمریکای دەدایەوە، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا نیشاندەری توانای باڵای ئێرانە، بەڵام لە ئەمڕۆوە بابەتەکە بەهێزتر بووە، چونکە ئێستا خۆی دەستپێشخەرە لە لێداندا.

ئەمە پەیامێکی ڕوونە بۆ ترەمپ و ئەمریکا؛ کە ئێمە ناترسین و ئامادەین، ئەوەتا هەر خۆشمان شەڕەکە دەستپێدەکەین.

هاوکێشەی کۆن لە شەڕی ئێران و ئەمریکا کۆتایی هاتووە، ئێران جاران چاوەڕێی لێدان بوو بۆ ئەوەی وەڵامبداتەوە، ئێستا بووەتە خاوەن دەستپێشخەری و یەکەم لێدان دەوەشێنێت. ئێستا ئەمریکا لەبەردەم واقیعێکی تەواو نوێدایە، بنکەکانی لە ناوچەکەدا لە کارتێکی فشارەوە، بوونەتە ئامانجی ئاشکرا و لە هەر ساتێکدا لەژێر ڕەحمەتی ئێراندان. نامەکە گەیشتە ترەمپ و کۆشکی سپی کە سەردەمی کۆنترۆڵکردنی یارییەکە و دیاریکردنی کاتی دەستپێکردنی شەڕ لەلایەن ئەمریکاوە، بۆ هەمیشە ڕۆیشت و ناگەڕێتەوە. ئەم گۆڕانکارییە، شکۆی هێزی بەناو مەزنی خستە بارودۆخێکی زۆر شەرمەزارکەرەوە و ناچاریکردن هەزار حیساب بکەن پێش ئەوەی هەر فڕۆکەیەکیان بیر لە فڕین بکاتەوە و هاوکات سەرقاڵی چوونە دەرەوە لە بنکەکانیەتی لە ناوچەکەدا و گواستنەوەی هێز و کەلوپەلی سەربازیی بۆ ناوچەی پارێزراوتر و ئەمەش دەستپێکی قۆناغێکی نوێیە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناڤین کە خۆری ئەمریکا و ئەوانەی پشتیان بەو وڵاتە داگیرکەرە بەستبوو، لە ئاوابووندایە. ئەمڕۆکە گۆڕەپانەکە بە زمانێکی نوێ دەدوێت، کە ناونیشانەکەی لای ئێران ئەمەیە "هەرکەسێک بیر لە ئیستفزازکردنمان بکاتەوە، یەکەمجار سوپڕایزەکە دەبینێت؛ باجی یارییەکەش لەگەڵ ئێمە زۆرگران کەوتووە."