جام کوردی - ئێران بە هێرشکردنە سەر بنکەی ڕاداریی ئەمریکا لە بەحرەین، جارێکی دیکە نیشانی دا ئەو مەودایەی هەندێک کەس پێیان وابوو لە نێوان هۆشداری و کرداردا هەیە، ڕاستەقینە نییە. بەئامانجگرتنی سیستمێکی سەربازیی ئەمریکا دوای هێرشکردنە سەر «سیریک»، ڕاگەیاندنی یاسایەکی نوێیە: دەستدرێژی باجی هەیە و ڕەنگە ئەم باجە لە هەمان ئەو خاڵەدا نەدرێت کە دەستپێشخەری دەستدرێژییەکە چاوەڕوانی دەکات. ئەمە هەمان ئەو پەیامەیە کە دەبێت بە هەند وەربگیرێت؛ نەک وەک پیاهەڵدان و لافلێدان، بەڵکوو وەک بەشێک لە واقیعی نوێی مەیدانەکە.
هێرشی ئێران بۆ سەر سیستمێکی ئەمریکا لە بەحرەین، بەبێ ڕەچاوکردنی جیاوازیی گێڕانەوەکانی تاران و واشنتۆن سەبارەت بە ئاستی سەرکەوتن و زیانەکانی ئۆپەراسیۆنەکە، پەیامێکی ڕوون و گرنگی لە خۆیدا هەڵگرتووە: ئەو قۆناغەی کە تێیدا هەڕەشەکردن بۆ وەڵامدانەوە تەنیا وەک بەشێک لە ئەدەبیاتی جەنگ ئەژمار دەکرا، کۆتایی پێهاتووە.
پەیوەندییە گشتییەکانی سوپای پاسداران ڕایگەیاند کە لە کاردانەوە بەرامبەر بە هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەی سیریک لە باشووری وڵات، ڕادارێکی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەی سەر بە هێزەکانی ئەمریکا لە بەحرەین کراوەتە ئامانج. لە بەرامبەردا، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا بانگەشەی ئەوەی کردووە کە دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی هێرشبەری تێکشکاندووە و هیچ زیانێک بەر دامەزراوە ئەمریکییەکان نەکەوتووە. ئەم جیاوازییە لە گێڕانەوەکاندا، بێگومان بابەتێکی لاوەکییە؛ ئەوەی لە ئێستاوە ڕوونە، گۆڕانکارییە لە ماهییەتی وەڵامدانەوەی ئێراندا.
چەند مانگێک دوای کەمبوونەوە و ڕاگرتنی ڕێژەییی ئەم چەشنە ئۆپەراسیۆنانە، ئێران جارێکی دیکە دەستی دایە هەنگاوێکی ڕاستەوخۆ لە دژی ئامانجێکی ئەمریکی؛ بەڵام ئەم جارە هەڵبژاردنی ئامانجەکە، خۆی بەشێکە لە پەیامی ئۆپەراسیۆنەکە. لە زۆربەی حاڵەتەکانی پێشوودا، فڕۆکە و ئامرازە فڕیوەکانی دوژمن لە چەقی هەڕەشە و کاردانەوەدا بوون. بەڵام ئێستا باس لە بەئامانجگرتنی سیستمێکی ڕاداری و ئاگادارکردنەوەی پێشوەختەیە؛ واتە هێرشکردنە سەر یەکێک لە بەشەکانی «چاو و گوێ»ی تۆڕی سەربازیی ئەمریکا لە ناوچەکەدا. ئەم جیاوازییە بچووک نییە. لە جەنگی مۆدێرندا، ڕادار تەنیا پارچە کەلوپەلێکی سەربازی نییە، بەڵکوو بەشێکە لە زنجیرەی دۆزینەوە، ئاگادارکردنەوە، فەرماندەیی و بەرگری. هێرشکردنە سەر ئامانجێکی وەها، تەنانەت ئەگەر لەبارەی ئاستی پێکان و زیانەکانی لە نێوان هەردوو لادا ناکۆکی هەبێت، هەڵگری ئەو پەیامەیە کە وەڵامدانەوەی ئێران دەتوانێت لە ئاستی بەرەنگاربوونەوەی ئامرازە گەڕۆکەکان تێپەڕێت و ژێرخانە سەربازی و هەواڵگرییەکانی لایەنی بەرامبەریش بخاتە نێو هاوکێشەکانی خۆیەوە.
گرنگیی دووەمی ئەم ئۆپەراسیۆنە، دەگەڕێتەوە بۆ کاتی ڕوودانی. هێرشەکە لە بارودۆخێکدا ئەنجام درا کە ناوچەکە دوای چەندین مانگ پێکدادان، چووبووە قۆناغێک لە هێمنییەکی لەرزۆکەوە. ڕەنگە ئەم دۆخە لە زەینی هەندێک لە بڕیاربەدەستانی ئەمریکادا ئەو وێنایەی دروست کردبێت کە باجی هێرشە سنووردارەکان لە دژی ئامانجەکانی ناوخۆی ئێران کەم بووەتەوە و تاران بۆ پێشگرتن لە پەرەسەندنی قەیرانەکە، خۆ لە وەڵامدانەوەی ڕاستەوخۆ دەپارێزێت. کاردانەوە بەرامبەر بە سیریک، لانیکەم لە ئاستی پەیامی سیاسی و سەربازیدا، وەڵامێکە بۆ ئەم وێناکردنە. پەیامەکە ڕوونە: ڕاگرتنی کاتیی وەڵامدانەوە، بە واتای بێدەسەڵاتی لە وەڵامدانەوەدا نییە. رەنگە ئەمە گرنگترین ڕەهەندی ئۆپەراسیۆنەکەی ئەم دواییە بێت. هێزی بەرپەرچدانەوە تەنیا لە کۆکردنەوەی چەک و کەرەستەدا کورت نابێتەوە؛ بەشێکی گرنگی دەگەڕێتەوە بۆ باوەڕی لایەنی بەرامبەر سەبارەت بە ئیرادەی بەکارهێنانی ئەو هێزە.
وڵاتێک کە چەندین جار ڕادەگەیەنێت دەستدرێژی بۆ سەر خاک و بەرژەوەندییەکانی بێوەڵام نامێنێتەوە، ئەگەر نەتوانێت لە کاتی پێویستدا گرێدان لە نێوان «هەڕەشە» و «کردار»دا دروست بکات، بەتێپەڕبوونی کات ئیعتیباری بەرپەرچدانەوەی خۆی لەدەست دەدات. ئۆپەراسیۆنەکەی ئەم دواییە، لە هەمان چوارچێوەدا، هەوڵێکە بۆ پاراستنی ئەم گرێدانە. تاران لە مانگەکانی ڕابردوودا چەندین جار هۆشداریی دابوو کە بەردەوامیی هێرش و دەستدرێژی بۆ سەر ئامانجە ئێرانییەکان، پانتایی وەڵامدانەوە فراوانتر دەکات. ئێستا هەڵبژاردنی ئامانجێکی سەربازیی ئەمریکا لە بەحرەین دەری دەخات کە نابێت ئەم هۆشدارییانە تەنیا وەک بەشێک لە جەنگی دەروونی سەیر بکرێن. مانای ئەم ڕووداوە، لزوومن ڕۆیشتن بەرەو جەنگێکی بێکۆتایی و لەدەستدەرچوو نییە؛ بەپێچەوانەوە، دەکرێت هەوڵێک بێت بۆ دروستکردنی هەمان ئەو شتەی کە نەبوونی، جەنگەکە مەترسیدارتر دەکات: ئەویش پێشبینیکراوبوونی تێچووی دەستدرێژییە.
ئەمریکا دەبێت بزانێت کە هێرشی سنووردار بۆ سەر ئێران پابەند نابێت بەوەی ڕووبەڕووی وەڵامێکی سنووردار و پێشبینیکراو ببێتەوە. جوگرافیای ناوچەکە، پانتایی ئامادەبوونی سەربازیی ئەمریکا و هەمەچەشنیی ئامرازەکانی وەڵامدانەوەی ئێران، دەرفەتی هەڵبژاردنی ئامانج بۆ تاران زیاتر دەکات. لەبەر ئەم هۆکارە، هەر هەنگاوێکی نوێ لە دژی ئێران دەبێت هاوڕێ بێت لەگەڵ ئەم پرسیارەدا کە ئاخۆ وەڵامدانەوەی بەرامبەر لە کوێ، چۆن و لە دژی کام بەشی تۆڕی سەربازیی ئەمریکادا ئەگەری ڕوودانی هەیە. بێگومان لێرەدا پێویستییەکی گرنگیش بوونی هەیە؛ هێزی بەرپەرچدانەوە کاتێک کاریگەرتر دەبێت کە هاوڕێ بێت لەگەڵ عەقڵانییەتی ستراتیژیدا. ئامانج لە وەڵامدانەوە تەنیا پێشاندانی تواناکان نییە، بەڵکوو ئامانجەکە گۆڕینی هەڵسەنگاندنەکانی دوژمن و پێشگرتنە لە دووبارەبوونەوەی دەستدرێژی. هەرچەندە ئەم پەیامە وردتر بگوازرێتەوە و هەرچەندە وەڵامەکان لە چوارچێوەی لۆژیکێکی ڕوونی بەرگریدا دابڕێژرێن، ئەگەری هەڵەی هەڵسەنگاندن و پەلکێشکردنی ناوچەکە بۆ ناو خولگەیەکی کۆنترۆڵنەکراو کەمتر دەبێتەوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانە، واقیعێک هەیە کە ناکرێت پشتگوێ بخرێت: ئێران جارێکی دیکە نیشانی دا ئەو مەودایەی هەندێک کەس پێیان وابوو لە نێوان هۆشداری و کرداردا هەیە، لزوومن ڕاستەقینە نییە. ڕەنگە واشنتۆن سەبارەت بە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکە گێڕانەوەیەکی دیکە بخاتە ڕوو و تارانیش جەخت لەسەر سەرکەوتنەکەی بکاتەوە؛ بەڵام لە ئاستی ستراتیژیدا، کرۆکی باسەکە لەم ململانێ هەواڵییە تێدەپەڕێت. بەئامانجگرتنی سیستمێکی سەربازیی ئەمریکا دوای هێرش بۆ سەر سیریک، ڕاگەیاندنی یاسایەکە: دەستدرێژی تێچووی هەیە و ڕەنگە ئەم تێچووە لە هەمان ئەو خاڵەدا نەدرێت کە دەستپێشخەری دەستدرێژییەکە چاوەڕوانی دەکات. ئەمە هەمان ئەو پەیامەیە کە پێویستە بە جیدی وەربگیرێت؛ نەک وەک پیاهەڵدان، بەڵکوو وەک بەشێک لە واقیعی نوێی مەیدانەکە. لە دۆخێکدا کە هەر هەڵەیەکی هەڵسەنگاندن دەتوانێت پانتایی قەیرانەکە فراوانتر بکات، ڕەنگە گرنگترین خزمەت بە ئاشتی و سەقامگیریی ناوچەکە ئەوە بێت کە هەموو لایەنەکان زیاتر لە ڕابردوو هەڕەشەکانی لایەنی بەرامبەر بە هەند وەربگرن. بەحرەین، بەم مانایە، تەنیا ناوی خاڵێک نییە لەسەر نەخشە؛ بەڵکوو بیرخەرەوەی ئەم واقیعەیە کە بەرپەرچدانەوە کاتێک مانا پەیدا دەکات کە هەڕەشە، لە ساتی پێویستدا، بتوانێت بگۆڕێت بۆ کردار.