جام کوردی - سەید عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە کۆبوونەوەی سییەمی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاریی ئابووریی (ئێکۆ)، بازرگانی، گواستنەوە و وزەی بە سێ ستوونی ستراتیژیی هاوکاریی ناوچەیی ناوبرد و جەختی لە پێویستیی بەهێزکردنی هاوگرێیی ئابووری کردەوە.
عێراقچی کە دووشەممە لەم کۆبوونەوەیەدا قسەی
دەکرد، وتی پەرەپێدانی پەیوەندییە ناوچەییەکان، ئاسانکاریی بازرگانیی ناوخۆی ناوچە
و هاوکاریی وزە، دەتوانێت توانای بەرگەگرتنی وڵاتانی ئەندام زیاد بکات و کاریگەریی
هۆکارە دەرەکییەکان کەم بکاتەوە. ئەو هەروەها پشتیوانیی ئێرانی لە پێکهێنانی لیژنەیەکی
تەکنیکی بۆ پێداچوونەوە بە ڕێککەوتنی بازرگانیی ئەکۆ (ئێکۆتا) ڕاگەیاند و داوای
کرد وڵاتانی ئەندام بە شێوەیەکی چالاک بە گفتوگۆکانەوە بپەیوەستن.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە بەشی دیکەی قسەکانی،
کردارەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە هۆکاری نائارامیی کەنداوی فارس و ئاڵۆزییەکانی
دەوروبەری تەنگەی هۆرمز دانا. بە وتەی ئەو، ئێران پابەندیی خۆی بە یاسای نێودەوڵەتی
و چارەسەری ئاشتییانەی ناکۆکییەکان پاراستووە، بەڵام هەنگاوەکانی ئەمریکا، لەوانە
هێرش، هەڕەشە و فشارە ئابوورییەکان، پێشێلکردنی یاسای نێودەوڵەتین.
عێراقچی وتی ئێران خوازیاری پەیوەندییەکی دۆستانە
و سازێنەر لەگەڵ دراوسێکانییەتی و جیاوازیی بنەڕەتیی لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە نییە.
بەڵام جەختی کردەوە خاک، ئاسمان و دامەزراوەکانی وڵاتانی ناوچە نابێت ببنە بنکەی هێرش
بۆ سەر وڵاتێکی تر. ئەو هەروەها داوای گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە و فراوانی ناوچەیی
کرد، بە ئامانجی دامەزراندنی ڕێکخستنە ئەمنییەکان لەسەر بنەمای نەکردنی هێرش.